وەزیرى خوێندنى باڵا پێشوازی لە سەرۆكی ئەساقیفەی ئەبرشیەی كلدان لە هەولێر کرد
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - دواى نیوەڕۆى ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشوازی لە مەتران بەشار وەردە سەرۆكی ئەساقیفەی ئەبرشیەی كلدان لە كەنیسەی مار یوسف لە شاری هەولێر کرد.
لە دیدارێکدا کە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرى گشتیی وەزارەت ئامادەی بوون، سەرۆكی ئەساقیفەی ئەبرشیەی كلدان لە كەنیسەی مار یوسف، جەختى لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان دامودەزگاکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ باشتر خزمەتکردن بە خەڵکى کوردستان کردەوە.
باسێکیشى لەبارەى بارودۆخى مەسیحییەکانى هەرێمى کوردستان پێشکەش کردو ڕایگەیاند "ئەو ئاسانكاری و هاریكارییەی لە کوردستان بۆ مەسیحییەكان كراوە، لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوە پێزانراوە و مایەی دەستخۆشیی هەمووانە و هیوادارین بتوانین پارێزگاری لێبكەین و زیاتریش گەشەی پێ بدرین".
لە گوتەیەکیشدا د. ئارام محمد قادر دووپاتیکردەوە سەرکەوتنى پێکەوەژیان و فرەئاینی و نەتەوەیی و رێزگرتن لە پێکهاتە نەتەوەییە جیاجیاکانى کوردستان، بووەتە هۆى نیشاندانى ناوبانگى ئەرێنیی هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى.
ڕاشیگەیاند "ئەم هەرێمە هی هەموومانە بە سەرجەم پێكهاتە و ئاینەكان و بەم فرەچەشنی و فرەڕەنگییەوە هاتووە و ئێوەش بەشێكی زیندووی كۆمەڵگەی كوردستانن و فەرهەنگ و كولتووری وڵاتەكەمان بەو جیاوازییەوە دەوڵەمەندتر بووە".
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا باس لە چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری پەیوەست بە خوێندنى باڵا و پەرەپێدانى ئاستى زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکان کە بێ جیاوازی خزمەتی هەموو نەتەوە و ئاین و پێكهاتەكان دەكەن کرا.