Skip to the content

سیستەمی زانکۆلاین بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان کارا دەکرێت

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KR) - پڕۆسه‌ی پێشکەشکردن بۆ وه‌رگرتنی ده‌رچووانی دوانزه‌ی ئاماده‌یی له‌ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەکات و لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ کاتژمێر ٨ى بەیانى، زانكۆلاین بۆ ماوەى دە رۆژ بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى کارا دەکرێت.

دکتۆر ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت "لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی، تا ڕۆژى ٢٧ ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، واتە بۆ ماوەى دە ڕۆژ کارا دەبێت، به‌وه‌ش ده‌رچووانی ١٢ی ئاماده‌یی لەو ماوەیە ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكه‌نه‌وە و پێشكه‌شی بكه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌رچووان ده‌بێت بە بەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ كە پێشتر له‌ خوێندنگەکانیان وه‌ریانگرتووەتەوه‌ فۆرمی وه‌رگرتن پڕبكه‌نه‌وه‌".

بۆ به‌رچاوڕونی زیاترى ده‌رچووانی پۆلی دوانزه‌ و ئاشنابوونیان به‌ سیستمه‌كانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان.
هەروەها دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکاریی زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن به ‌سیستمه‌ جیاوازه‌كان، کە ئه‌مه‌ش ده‌ره‌فه‌تێكی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دەرچووان به‌ر له‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن پێشكه‌ش بكه‌ن و ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانی سیستمه‌كه‌ بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵە و بەشێک کە لەلایەن دەرچوو پێشکەش دەکرێت.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن. هەروەها پێویستیشە دەرچووانى پۆلى دوانزە هەر لە یەکەم ڕۆژی کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.

لە کۆتاییدا وەزارەتى خوێندنى باڵا سەبارەت بە هەبوونى پەیج و ئەکاونت بەناوى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن، ڕایدەگەیەنێت "ستافى وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیە بەناوەکانى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن یان هەر ناوێکى دیکە، بەڵکو تاکە مینبەرى گەیاندنى ڕێنماییەکانى ئێمە لەڕێگەى سایت و پەیجى فەرمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بەم ناونیشانە (www.facebook.com/KRG.MOHE.Official) ".