Skip to the content

وۆرکشۆپی کوردستان لە پرسە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - بەبەشداریی نوێنەرى دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، وۆرکشۆپى نێودەوڵەتی هاوبەشى زانکۆى لوبنانى فەرەنسى لە هەولێر و زانکۆى ڕۆژئاڤا لە قامیشلۆ بەڕێوەچوو.

بەئامادەبونى دکتۆر ئه‌میر عەبدولرەحمان ئەحمەد ڕاوێژكاری وه‌زارەتى خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، وەک نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەبەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە توێژەران لە وڵاتانی ئەمریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا و زانکۆکانی کوردستان و لێپرسراوانى حکوومی، وۆرکشۆپی "کوردستان لە پرسە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا" بەڕێوەچوو.

لەمیانەى وۆرکشۆپەکەدا د. ئه‌میر عەبدولرەحمان ئەحمەد بەنوێنەرایەتیی د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتەیەکى پێشکەشکرد، لە گوتەکەیدا پاڵپشتیی تەواوی وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ کاری زانستیی هاوبەشی نێوان زانکۆکان چ لە ناوەوەی هەرێم و چ لە دەرەوە بە تایبەتی زانکۆکانی رۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە، ڕوونیشیکردەوە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەکۆتایی مانگی رابردوودا کۆنفرانسێکی گەورەی نێونەتەوەیی ئەنجامدا، کە تایبەت بوو بە پەیڕەوکردنی بۆلۆنیا پڕۆسس، راسپاردەی کۆنفرانس پەیڕەوکردنی بۆلۆنیا پرۆسێس لە هەموو زانکۆکانی کوردستان بوو، هەروەک تایبەتمەندییەکى بۆڵۆنیاش بە نێودەوڵەتیبوون و کاری هاوبەشی نێوان زانکۆکانە.

وۆرکشۆپەکە بە گفتوگۆیەکى زانستى و ئەکادیمیی نێوان توێژەران و مامۆستایانى زانکۆ و لێپرسراوانى دیکەى حکوومى و حزبى دەوڵەمەند کرا، هەروەک جەخت لەو جۆرە چالاکییە هاوبەشانە کرایەوە بۆ برەودان بەلایەنى زانستى و پتەوکردنى پەیوەندیی نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکان لە ڕێگەى زانکۆکانەوە.