Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا داهاتى کەمپینى کتێبەکەى بەخشییە نەخۆشخانەکانى شێرپەنجە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا کە بەئامادەبوونی ئەندامانى کەمپینى کۆکردنەوەى هاوکارى بۆ نەخۆشخانەکانى شێرپەنجە و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانى وەزارەت و نوێنەرى نەخۆشخانەکانى نانەکەلى و هیوا، بەڕێوەچوو، دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند "رۆژى ٢٣ی ئابی ٢٠٢٢، لە پەراوێزى بڵاوکردنەوەى کتێبێکمان بەناونیشانى(خوێندنى باڵا لەسەردەمى کۆرۆنا و ئاڵنگارییەکاندا)، وەک ئەرکێکى نیشتمانى و نەتەوەیی کەمپینێکمان بۆ کۆکردنەوەى هاوکارى بۆ نەخۆشخانەکانى شێرپەنجە ڕاگەیاند.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتیشى "نەخۆشخانەى هیوا لە سلێمانى و نانەکەلى لە هەولێر، کە تایبەتن بە چارەسەرکردنى نەخۆشییەکانى شێرپەنجە، ڕۆژانە زۆرترین خەڵکى کەمدەرامەت و هەژارى وڵاتەکەمان سەردانیان دەکەن، بۆیە ئەو نەخۆشخانانە جگە لە پشتیوانیی سێکتەرى خۆیان، لەهەمان کاتدا پێویستیان بەپاڵپشتى و هاوکارىی هەموو چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگەیە، ئێمەش لە ڕوانگەى هەستکردنمان بە بەرپرسیارییەتی بەرامبەر بە کۆمەڵگەکەمان، خوازیاربووین هاوکاریان بکەین، بۆیە بەخۆشحاڵییەوە هەر لە دواى ڕاگەیاندنى کەمپینەکە زانکۆ و پەیمانگەکان و بەتایبەت زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان و مامۆستایان بەگڕوتینەوە بەرەو کەمپینەکە هاتن و پشتیوانی و کۆمەکى داراییی باشیان پێشکەش بە لیژنەى بەڕێوەبردنى کەمپینەکە کرد".

د.ئارام محمد قادر لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا بڕى کۆمەک و هاوکارییەکانى ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند "لە ئەنجامى ئەم کەمپینەدا توانرا بڕى ٣٣٠ ملیۆن دینار، لەگەڵ بڕى ١٢ هەزار و ٤٥٠ دۆلار کۆبکرێتەوە، بۆ ئەوەش سوپاسى ئاراستەى هەموو ئەوانە کرد کە هاوکار بوون بۆ سەرکەوتنى ئەم کەمپەینە، کە بەگیانى بەرپرسیاریەتى و بەوپەڕى بەخشندەییەوە هاوکارى هەڵمەتەکە بوون، سوپاسى کارمەندانى نەخۆشخانەکانى شێرپەنجەشی کرد، کە شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەر یەک و هاوکارى نەخۆشەکانن و چارەسەرى پێویستیان پێشکەش دەکەن.

لە کۆتاییشدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕى کۆمەکەکەى بەشێوەیەکى یەکسان پێشکەشى نوێنەرى نەخۆشخانەکانى هیوا لە سلێمانى و نانەکەلى لە هەولێر کرد.