Skip to the content

پڕۆژەکانى ئەمریکا لە کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان فراوانتر دەکرێن

هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD) - لە ڕێگەى ئەنجامدانى پرۆژەى هاوبەشى زانستى و ئەکادیمى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و زانکۆکان زیاتر لە پەنجا یاداشتی لێکگەیشتنیان لەگەڵ زانکۆکانی ئەمریکا ئیمزاکردووە، بۆ قۆناغى داهاتووش لەڕێگەى کونسوڵخانەى ئەم وڵاتە لە هەرێمى کوردستان پەرەى زیاتر بە پەیوەندییە زانستییەکانى نێوان هەردوولا دەدرێت.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، دکتۆر ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازی لە ئیرڤین هیکس کونسوڵى گشتىی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان و وەفدى هاوڕێى کرد.
لە دیدارێکدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەی بوون، جەخت لە پەرەپێدانى پەیوەندییە هاوبەشەکانى نێوان هەردوولا بەتایبەت لە بوارى زانستى و پەرەپێدانى تواناکان و ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى کرایەوە.

کونسوڵى گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە گوتەیەکدا خۆشحاڵیی خۆى نیشاندا بە سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و پشتگیرىی کونسوڵخانەى بۆ پڕۆژەکانى نێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و ئەمریکا دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند "بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنى پانتاییی خوێندنى تەکینکى و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان، وڵاتەکەمان بەرنامەو پلانى نوێى دەبێت".

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى کونسوڵى نوێى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان، کورتەیەکى لەبارەى پرۆژە هاوبەشەکانى نێوان هەردوولا لە بوارى ئاڵوگۆڕى ستافى ئەکادیمى و پشتگیرىی دارایى خستەڕوو، بۆ ئەمەش گوتى "ئەمریکا لە ڕێگەى چەند پرۆژەیەکەوە هاوکارىی کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستانى کردووە، بەتایبەت بە دەستپێکردنى سێ پرۆژەی سەرەکیی (Partnership projects, Research Management Course, Career Services Library) لە ڕێگەی رێکخراوی ئایرێکسی ئەمریکی، هەر لە رێگەی رێکخراوی ئایرێکس و بە پشتگیریی داراییی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کونسوڵخانەى ئەمریکا بەردەوامن لە پشتگیری و هاوکاریی ناوەندەکانی پەرەپێدان بۆ کار لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان".

ئەمە جگە لەوەى ساڵانە لە ڕێگەی بەرنامەی فول برایت و بەرنامەکانی تری پەرەوەردەو خوێندن، ژمارەیەک لە خوێندکار و مامۆستایانی هەرێمی کوردستان هەلی ئەوەیان بۆ دەرەخسێ کە هەم درێژە بە خوێندن بدەن هەم پەرە بە توانا ئەکادیمی و زانستیەکانیان بدەن".

لە بەشێکى دیکەى گوتەکەیدا د. ئارام محمد قادر، ئاماژەى بە پەسەندکردنى پرۆژەى دەستەى متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانى خوێندن کرد، کە ئامانج لەم پڕۆژەیە دانانی پێوەری گونجاوە بۆ متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و هاوتەریبکردنی پێوەرەکانی متمانەبەخشین بە پێوەرە نێودەوڵەتیيەکان لە پێناوی دەستەبەرکردنی کوالیتیی بەرزی ئەکادیمیی و زانستی، بۆ ئەمەش گوتى "شارەزایى و سیستمى زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى ئەمریکا بۆ ئێمە جێگەى بایەخە لەم بوارەدا".

لە کۆتایى کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانى سیستم و خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەبارەوە کرا و دووپاتکرایەوە کە ئەزموونى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە بوارى پیشەیى و تەکنیکى بۆ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى کوردستان گرنگە، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى لەسەر سیاسەت و ستراتیژى وەزارەت کردەوە بۆ فراوانکردنى پانتایى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان و بەستنەوەى ناوەرۆکى پرۆگرامەکانى خوێندن بە بازاڕى کارى کوردستان.