Skip to the content

یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لۆگۆی ڕێزلێنان و پێزانینی بەخشییە وەزیری خوێندنی باڵا

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت "بەشدارىی خانمانى کوردستان لە گەشەکردنى کەرتى خوێندنى باڵا و پرۆسەى بەرهەمهێنانى مەعریفە، لە ئەجێندا و ڕیفۆرمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىدایە، هەر بۆیەش لە ئێستادا چوار خانم سەرکردایەتىی زانکۆکانى کوردستان دەکەن و ڕەخساندنى دەرفەتى زیاتریش بۆ خانمان لە بەڕێوەبردنى بەش و کۆلێژەکاندا هەیە، چونکە باوەڕى تەواومان بەوە هەیە دەبێت خانمانى کوردستان رۆڵى زیاتریان هەبێت لەسەرکردایەتىکردنى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا و ڕێبەرایەتىکردنى هەنگاوەکانى ڕیفۆرمى قووڵ و ڕاستەقینە لەم کەرتەدا.

ئەم لێدوانەى دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى بەشدارىکردنى لە کۆبوونەوەیەکى مەکتەبى تەنفیزىی یەکێتىی مامۆستایانى کوردستان هات، کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە بارەگاى یەکێتییەکە لە شارى هەولێر بەڕێوەچوو و لەلایەن یەکێتىی مامۆستایانى کوردستان سوپاس و پێزانین ئاراستەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا.

لە دەستپێکى کۆبوونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر، سوپاسى ستافى یەکێتىی مامۆستایانى کوردستانى کرد کە بەردەوام پشتیوان و هاوکاریی وەزارەت بوونە بۆ کار و پرۆژەکان و سەرخستنى بەرنامەى چاکسازى و ڕیفۆرم لە کەرتى خوێندنى باڵاى کوردستان، بۆ ئەمەش داواى لێکردن بەردەوام بن لە هاوکارى و پشتیوانییەکانیان.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی ڕیفۆرم لە وەزارەتى خوێندنی باڵا، ڕایگەیاند "له سەرەتاوه کارمان کرد بۆ نەهێشتنی رۆتین و کردنەوەی وەزارەت بەڕووی هاووڵاتیان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران، هەروەها بۆ يەكەمینجار توانیمان پلانى وەرگرتن له زانکۆ حکوومییەکان بگەیەنینه ئاستێک که (۱۰۰٪)ی دەرچووانی ئامادەیی، ئەوانەى داواکارییان لەڕێگەى سیستمی زانکۆلاین پێشکەش کردبوو، له خوێندنی حکوومی جێگەیان بکەینەوە و دەرفەتى خوێندن و فێربونیان بۆ بڕەخسێنین، دڵنیاییشی دا بە ئامادەبووان بۆ ئەمساڵیش هەمان سیاسەت و بەرنامەى ساڵانى ڕابردوو پەیڕەو دەکرێت بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندن بۆ کوڕان و کچانی هەرێمەکەمان.

هەر لە گوتەکەیدا بۆ ئەندامانى مەکتەبى تەنفیزى یەکێتىی مامۆستایان، وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەى بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن کرد بەشێوەیەک له چوارچێوەى کارنامەی حکوومەت لە ماوەى سێ ساڵدا، کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران به ڕێژەى (٤٥٪) کەمکرایەوە، ئەویش لەپێناو هاوکاریکردنی خوێندکاران و کەسوکاریان، بەهۆى ئەم بڕیارەش دەیان ملیار دینار گەڕێنراوەتەوە بۆ کەسوکار و خانەوادەى فێرخوازان، هەروەها کەمکردنەوەى کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، لەساڵی یەكەمدا (٢٥٪) و ساڵانی دواتریش، بەپێى ئەنجامەکانی ڕیزبەندى نیشتمانى، کرێی خوێندنی تایبەت بەڕێژەى (۱۰٪ بو۲۰٪) کەمکراوەتەوە، جیا لەمانەش دابینکردنی کورسی خوێندنی خۆڕایی بۆ هاوسەرو منداڵانی شەهیدانی سەربەرزى گەلەکەمان و کورسی خوێندن بۆ سەرجەم ئەو پێشکەشکارانەى که لە (شەنگال و کەرکوک و خانەقین) و ناوچه دابڕاوەکانى کوردستان داوایان پێشکەشکردبوو، دابینکردنی کورسی خوێندن بۆ منداڵانی ئاوارەکانی سوریا بەشێکى دیکەى کارەکانمان بوە لەماوەى سێ ساڵى کابینەى نۆیەمدا. هەروەها وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەى بە دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی ساڵانی خوێندنى (٢٠١٥-٢٠١٦) و (٢٠١٦-۲۰۱۷) کرد، کە لەم کابینەیەدا نزیکەی (۳۰۰۰) سێ هەزار دەرچووی سێ یەکەمەکان لە دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان دامەزرێنراون.

لە بەشێکى دیکەى گوتەکەیدا د.ئارام محمد قادر باسى لە فراوانکردنی ڕەهەندى نێودەوڵەتىی زانکۆکان و گەشەپێدانى پەیوەندیی زانستی و ئەکادیمیی زانکۆکانى کوردستان کرد و گوتى " لە ئێستادا پێشکەوتنى بەشێکى بەرچاوى زانکۆکانى کوردستان لە ڕیزبەندی زانکۆکانی جیهان بۆ خوار ڕیزبەندیی (چوار هەزار) دەرخەرى پێشکەوتنى بەرچاوى زانکۆکانى کوردستانە".

گوتیشى "بەدەستهێنانی فەند و پشتیوانیی دارایی نێودەوڵەتى بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکانی ڕیفۆرمی خوێندنى باڵا له ڕێگەی پرۆگرامەکانی یەکێتیی ئەورووپا بەتایبەت بەرنامەکانى ئیراسموس و ئیراسموس پڵەس، بۆ نمونه: پرۆژەکانی تایگرێس (TIGRIS)و (Apprais) و پشتیوانییەکانی حکوومەتی ئەمەریکا بەشێکن لەو پرۆژانەی کە پشتیوانیی دارایی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا پێشکەش کراون".

لە کۆتایى گوتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەى بە جێبەجێکردنى بۆڵۆنیا پرۆسێس لە زانکۆکانى کوردستان کرد و دووپاتیکردەوە، ئەم پرۆسەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی قوتابیان و خوێندکاران لە چەقی پرۆسەی خوێندندابن و ژینگەی داهێنان و پەرەپێدانی توانای کارسازی و کارامەییە جۆراوجۆرەکان باشتر بڕەخسێنێت، هەروەها یارمەتیدەر دەبێت بۆ فراوانکردنی ڕەهەندە نێودەوڵەتییەکانی خوێندنی باڵای هەرێمەکەمان، ڕونیشى کردەوە: دوای تێپەڕ بونی حەوت ساڵ لە دەستپێکردن ئەم پڕۆسەیە، لە ڕێگەى کۆنفرانسێکى زانستییەوە هەفتەى ڕابردوو پێداچونەوە و هەڵسەنگاندنمان بۆ ڕەهەندە جیاجیاکانی ئەم پرۆسەیە ئەنجامدا، کۆنفرانسەکە وێستگەیەک بوو بۆ کۆکردنەوەی پسپۆڕە نیشتیمانی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیبەیتی زانستی، گرفت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیە دەستنیشانبکەین و ڕێکار و نەخشەڕێگای گونجاو بۆ چارەسەرکردنیان دیاری بکەین و بنەمای یاسایی و چوارچێوەی نیشتیمانی بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکە دابڕێژین.

لە کۆتاییدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سکرتاریەت و مەکتەبی تەنفیزی یەکیتیی مامۆستایانی کوردستانی دڵنیا کردەوە کە کاروانی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا بەردەوام دەبێت و لە ئایندەدا تەرکیزی وەزارەت لەسەر ڕیفۆرمی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی و سیستمی وەرگرتن و گۆڕانکارییە تەشریعیەکانی تایبەت بە خوێندنی باڵا دەبێت، بۆ ئەمەش پێویستمان بە پشتیوانی بەردەوامی هەموو هاوبەشەکانمانە.

سەرۆکى یەکێتىی مامۆستایانى کوردستان و ئەندامانى مەکتەبى تەنفیزى یەکێتییەکە، لە گوتەى جیا جیادا چەندین بۆچوون و پێشنیازیان لەبارەى دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندنى ساڵى نوێى (٢٠٢٢-٢٠٢٢) خستەڕوو، دەستخۆشیان لە پلان و پرۆژەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد بۆ ڕەخساندنى دەرفەرتى خوێندنى یەکسان بۆ نەوەکانمان و کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە خوێندنى پارالێل و ئێواران و خوێندنى تایبەت و خستنەڕوى چەندین پێشنیازى گونجاو بۆ پرۆژە ستراتیژەکانى کەرتى خوێندنى باڵا.

لە کۆتایی کۆبونەوەکەشدا لۆگۆی ڕێزلێنان و پێزانینی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەخشرایە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبەرامبەر هەوڵەکانی وەزارەت بۆ پاراستن و گەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.