دامەزراوەی (DAAD) ی ئەڵمانی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - دامەزراوەی (DAAD) ی ئەڵمانى هاوکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى هەرێمى کوردستان دەکات بۆ فراوانکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی و هەماهەنگى لەگەڵ کۆمسیۆنى ئەوروپا لە برۆکسڵ، بە ئامانجى پشتیوانیکردنى سێکتەرى خوێندنى باڵا و جێبەجێکردنی بۆلۆنیا پرۆسێس لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی.
ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى ٣ی نیسانی ٢٠٢٣، د.ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازی لە (Christian Huelshoerster) بەرپرسى پەرەپێدانى پرۆگرامەکانی دامەزراوەی (DAAD) ى ئەڵمانى لە وڵاتانى باشورى نیوەگۆى زەوى و (Christian Strowa) بەرپرسى بەشى ئاڵوگۆڕى زانستى و پەیوەندى نێودەوڵەتى و جوان خاڵس بەڕێوەبەرى پرۆگرامەکانى دامەزراوەکە لە هەولێر کرد.
لە دیدارێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى هاوکارى و هەماهەنگى دامەزاروەى (DAAD) ى ئەڵمانى کرد و هیواى خواست هاوکارى و هەماهەنگییەکانیان بەردەوام بێت بۆ کارى هاوبەش.
لەبەشێکى دیکەی کۆبونەوەکەدا چەند تەوەر و بابەتێک گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بە تایبەت نەخشە ڕێگای قۆناغی ئایندە بۆ هەماهەنگى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دامەزراوەى(DAAD) ى ئەڵمانى بۆ جێبەجێکردنی بۆلۆنیا پرۆسێس لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی، لەو چوارچێوەیەشدا بەرپرسانى (DAAD) ى ئەڵمانى پلان و هاوکارى خۆیان بۆ پەرەپێدانى کەرتى خوێندنى باڵاو زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دوپاتکردەوە.
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی تۆڕى هەماهەنگى و هاوکارى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دامەزراوەکانی هەریەک لە وڵاتانى ئەڵمانیا، هۆڵەندا، فەرەنسا کرا، لەگەڵ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە حکومییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا کە تایبەتمەندن بە سەرپەرشتیکردنی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی بۆ ئەوەی بتوانن هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە پەرەپێدانی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی.