پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمى باڵا دەستپێدەکات
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆبونەوەیەکدا بەشێوەیەکى ورد گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنى بۆ پلانى خوێندنى (ماستەر، دکتۆرا و دبلۆمى باڵا) لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان کرد و بڕیاردرا لە مانگى سێى ئەمساڵ پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان دەست پێ بکات.
ئەمڕۆ سێشەمە ١٤ی شوباتی ٢٠٢٣، بەسەرپەرشتى د.ئارام محمد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى فەرمانگەکانى وەزارەت، کۆبونەوەیەکى تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنى پلانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمى باڵا بەڕێوەچو و بڕیاردرا لە مانگى سێى ئەمساڵ پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا دەستپێبکات.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە، پلان و کارنامەى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى ئەوەیە باشتر زانکۆکان خۆیان بۆ پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان ئامادە بکەن، بۆ ئەمەش ئاماژەى بەقۆناغەکانى دەستپێکردنى خوێندنى (ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا) کردو ڕایگەیاند: بەو پەڕى لێپرسراویەتییەوە لە ڕابردوو و داهاتوودا کاردەکەین بۆ چەسپاندنى بنەماکانى دادپەروەرى و یەکسانى و شەفافەیەت لە پرۆسەى خوێندنى باڵا، بەشێوەیەک بتوانین دەستەبەرى ڕەخساندنى زۆرترین و باشترین دەرفەت بۆ پێشکەشکاران بڕەخسێنین.
هەر لە کۆبونەوەکەدا بەشێوەیەکى ورد پلانى خوێندنى باڵاى (ماستەر، دکتۆرا، دبلۆمى باڵا) لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنى لەبارەوەو کراو لە ئەنجامدا بڕیاردرا لە مانگى سێى ئەمساڵ پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان دەست پێ بکات.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت، دواى تەواوبونى ئامادەکارییەکان لە داهاتوییەکى نزیکدا قۆناغ بەندى پرۆسەى خوێندنى باڵا لە ڕووى پلان و ژمارەى کورسییەکان و ماوەى پێشکەشکردن و کاتەکانى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى و ڕاگەیاندنى ئەنجامەکان و دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندن ڕادەگەیەنرێت.