Skip to the content

حەوت زانکۆى کوردستان یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن ئیمزا دەکەن

لە چوارچێوەی بەرنامەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەریەک لە زانکۆکانى کۆیە، سۆران، گەرميان، زاخۆ، هەڵەبجە، ڕاپەڕين و چەرموو، یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتنیان وەک نەخشە ڕێگای کارکردنیان واژۆ کرد.

رۆژی دوشەمە ڕێکەوتى ٦ی شووباتی ٢٠٢٣، بەسەرپەرشتى و ئامادەبونى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە ڕێوڕەسمێکدا لە زانکۆى کۆیە، یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن لە نێوان حەوت زانکۆى کوردستان واژۆ کرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند:''دەستپێشخەرى ئەم حەوت زانکۆیە دەبێتە چوارچێوەیەکی گرنگ بۆ هەماهەنگی لە بوارەکانی کارو چالاکی زانستی و ئەنجامدانی کۆنفرانس و هەماهەنگی لە کردنەوەی خوێندنی باڵا و سودوەرگرتن لەژێرخان و تونا مرۆییەکانی نێوان زانکۆکان و ئاڵوگۆڕی مامۆستایان و خوێندکاران و کاری پێکەوەیی بۆ بەدەستهێنانی گرانتی نێودەوڵەتی، هەروەها ئەنجامدانی چالاکی هونەری و کەلتوری و وەرزشى و ڕەخساندنى زەمینەی توێژینەوەی زانستی هاوبەش.''

د. ئارام محمد قادر ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو هەنگاوە لەسەر ئاستی نەتەوەیی بۆ پێکەوە بەستنەوەی زیاتری ناوچاکانی کوردستان لە زاخۆوە تا خانەقین گرنگە و گوتیشی :'' ئەم دەستپێشخەرییە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی هەر زانکۆیەک ناسنامەی زانستی خۆی بپارێزێت و لایەنی بەهێزی ناسنامەی زانستی خۆی بەهێزتر بکات، بەڵام دواتر هەموو زانکۆکان دەتوانن لەلایەنە بەهێزەکانی یەکدی سودمەند بن، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی دەببێت لەسەر ئاراستەی وەبەرهێنان لەزانکۆکان و ڕەچاوکردنی دوبارەنەکردنەوەی وەبەرهێنان لەیەک بواردا، بەڵکو ئاراستەی وەبەرهێنان لەژێرخان و تاقیگە زانستییەکان فرەجۆرتر دەبن.''

یاداشتنامەى لێکگەیشتنى نێوان حەوت زانکۆى کوردستان بۆ ماوەی پێنج ساڵ کاری پێدەکرێت و دەشکرێت لەدوای ئەو ماوەیە بە ڕێککەوتنی لایەنە بەشداربوەکان درێژ بکرێتەوە.
ئامانج لە ئیمزاکردنى ئەم یاداشتە ئەنجامدانی کار و چالاکیی زانستیی هاوبەش، دروستکردنی زەمینەی هاوکاری پێویست بۆ کردنەوەو بەڕێوەبردنی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا)، ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی هاوبەش، سودوەرگرتن لە تاقیگەکانی یەکترو ئاڵوگۆڕی خوێندکار/ قوتابی و ستافی ئەکادیمی لە چوارچێوەی ئەو بەرنامانەی کە لە داهاتوودا لەسەری ڕێک دەکەون، هەروەها پرۆگرامی هاوبەشی بەدەستهێنانی پاڵپشتی دارایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.