Skip to the content

خوێندنى باڵا چەند بڕیارێکی بۆ خوێندکارانى هەرێمى کوردستان كە لە وڵاتى تورکیا دەخوێنن دەركرد

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستی، تایبەت بە ڕەوشى خوێندن و ماوەى مانەوەى ئەو خوێندکار و قوتابیانەى هەرێمى کوردستان کە لە وڵاتى تورکیا دەخوێنن، چەند بڕیارێکى گرنگى دەرکردووە.

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى ٢١ی شوباتی ٢٠٢٣، بە نووسراوى ژمارە ٣٤٢٣ کە بە ئیمزاى د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچووە، سەبارەت بە دۆخی خوێندنی قوتابیان لە توركیا دوای بومەلەرزە، لەبەر ڕۆشنایى بڕیار ئەنجوومەنى خوێندنى باڵاى ئەو وڵاتە کە بەشێک لە خوێندنى وەرزى بەهارەى بۆ ساڵى ئەکادیمیی ٢٠٢٢-٢٠٢٣کردووە بە ئۆنڵاین، وەزارەتى خوێندنى باڵا چەند بڕیارێکى دەرکرد:

١/ ئەو بەڕێزانەى کە دەستیان بە خوێندن کردووە لە زانکۆکانى وڵاتى تورکیا، ماوەى خوێندنیان بە ئۆنڵاین لە نێوان ڕێکەوتى (٢٠٢٣/٢/٦) تاکوو (٢٠٢٣/٤/١) بە ماوەى مانەوە بۆیان هەژمار دەکرێت.

٢/ ئەو بەڕێزانەى کە دەستیان بە خوێندن نەکردووە، ئەگەر لە زانکۆکەیان خوێندن بووە بە ئۆنڵاین، دەبێت خوێندنەکەیان بۆ سیمستەرى داهاتوو دوابخەن.

٣/ هەر زانکۆیەک بەدەر لەو بڕیارەى ئەنجوومەنى ناوبراو، هەر سیستمێکى تر (دواخستن بۆ سیمستەرى داهاتوو) پیادە بکات، بەپێى ناوەرۆکى بڕیارى زانکۆکان مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت.

٤/ بەڵام سەبارەت بە بەشە پزیشکییەکان، ئەو بەشانەى کە لایەنى پراکتیکییان هەیە، تاکوو ئێستا ئەنجوومەنى ناوبراو هیچ بڕیارێکى دەرنەکردووە، لە کاتى دەرکردنى هەر بڕیارێک، وەزارەتەکەمان پەیوەست دەبێت بە لەبەرچاوگرتنى پاراستن و تەندرووستیی قوتابى و خوێندکارەکانى هەرێمى کوردستان لە وڵاتى تورکیا.

٥/ هەر بڕیارێک لەلایەن ئەنجومەنى خوێندنى باڵاى تورکیا (YOK) دەربچێت، لە داهاتوودا سەبارەت بەم بابەتە ئێمە مامەڵەى لەگەڵ دەکەین.