Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا زەمالەی خوێندنى ماستەر و کۆرسی راهێنان لە وڵاتى هۆڵەندا ڕادەگەیەنێت

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى فەرمانبەران و مامۆستایانى وەزارەت ئاگادار دەکاتەوە کە وڵاتی هۆڵەندا کورسی خوێندنی ماستەر و ژمارەیەک کۆرسی ڕاهێنان، بەناونیشانی (Orange KnowledgeProgramme) راگەیاندوە. بۆ ئەم مەبەستە هەر کەسێک مەرجەکانی بەرنامەکەی تێدا بێت و ئارەزووی خوێندنی لە زانکۆکانی وڵاتی هۆلەندا هەبێت و بیەوێت بەشداری لە کۆرسەکانی ڕاهێنان بکات، بە لەبەر چاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە، دەتوانێت داواکاری لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکات:

https://www.studyinnl.org/finances/orange-knowledge-programme

ماستەر:
- پێشکەشکار دەبێت مامۆستا یاخود فەرمانبەر بێت لە یەکێک لە دامەزراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
- پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامەى.
- پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (٦٥%) کەمتر نەبێت.
- ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکاریەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
- کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتەکەمان تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتا بەموچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
- کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی هۆڵەندا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
- پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ تەنها لە ڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە (وڵاتی هۆڵەندا) دەبێت.

کۆرسی راهێنان:
بۆ کۆرسەکانی ڕاهێنان وەزارەتەکەمان هیچ مەرجێکی نیە، بەڵام کاتێک داوای نوسراوی پشتگیری دەکرێت، پێویستە سەرەتا نوسراو لە فەرمانگەکەی خۆت بهێنێت، ئەوکات وەزارەت دەتوانێت پشتگیری کاندید بکات.

تێبینی:
- بۆ زانیاری زیاتر تکایە لینکی زەمالەکە بە وردی بخوێنەوە.
- هەرکەسێک مەرج و ڕێنماییەکانى تێدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت.
- تکایە بۆ هەر پرسیارێک یان زانیاری زیاتر، سەرەتا سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.