Skip to the content

پێداچوونەوە بە پڕۆگرامی خوێندنی بەشە ئاینییەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا دەکرێت

لە چوارچێوەی ستراتیژ و سیاسەتى وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکارى و ڕیفۆرم لە پڕۆگرامی خوێندنی سەرجەم بەشە زانستییەکاندا، بۆ گونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم و پێداویستییە هەنووکەییەکانی بازاری کاری هەرێمی کوردستان، بڕیارە پێداچوونەوە بە پڕۆگرامە گشتییەكانی خوێندنی بەشە ئاینییەكانی زانكۆكاندا بكرێت.

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ١٣ی شوباتی ٢٠٢٣، لە زانکۆی کۆیە بە ڕاسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کۆبوونەوەیەک بەسەرپەرشتیی د. محەمەد حوسێن، سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری و سەرجەم ڕاگران و سەرۆکی بەشە ئاینییەکان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

تێیدا گفتوگۆ سەبارەت بە پڕۆسەی پەرەپێدان و ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پڕۆگرامی خوێندنی سەرجەم بەشە ئایینییەکان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها دانانی بەرنامەی کار بۆ چۆنیەتیی دەستپێکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ئەنجامدانی گۆڕانکاری و پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی خوێندن كرا.

سەرۆکی دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری ڕایگەیاند: "وەزارەتی خوێندنی باڵا بەردەوام جەختی لە بەرزکردنەوەی کوالیتیی خوێندن و گۆڕینى پڕۆگرامەکانى خوێندن لە بەشە زانستییە جیاجیاکان كردووەتەوە، بە جۆرێک لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و پێشهاتەکانى بازارى کار بگونجێت و دەرفەتى هەلى کار بۆ دەرچووان بڕەخسێنێت."

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان سەرنج و تیبینیی خۆیان سەبارەت بە پڕۆگرامی خوێندنی سەرجەم بەشە ئایینیەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو و بڕیار درا لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ڕێگەی پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی زانستی و پسپۆڕ لە بواری زانستە ئیسلامییەکان، کار بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری و ڕیفۆرم لە پڕۆگرامی خوێندنی سەرجەم بەشە ئایینییەکاندا بكرێت.