Skip to the content

پەخشى ڕادیۆی زانکۆی سەڵاحەدین دەستى پێکردەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - ئەمڕۆ دوشەممە ڕێککەوتی ١٣ی شوباتی ٢٠٢٣، بەئامادەبونى د.عبدالفتاح عبدالرزاق، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و د.کامەران یونس، سەرۆکى زانکۆی سەلاحەدین و د.ئیدریس هەرکى، سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و ڕاوێژکارانى وەزارەت و مامۆستایان و فێرخوازان، لە بەشى ڕاگەیاندنى زانکۆى سەڵاحەدین، دوای ١١ ساڵ لەکارکەوتن و نەمانی پەخش، بۆ جارێکی تر ڕادیۆی زانکۆی سەڵاحەدین دەستى بە پەخشى ئاسایی خۆى کردەوە.

بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دەستخۆشى لە هەموو ئەو کەس و لایەنانە کرد، کە ڕۆڵیان لە نۆژەنکردنەوە و بونیادنانەوەى ڕادیۆکە هەبوو.

لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا د.عبدالفتاح عبدالرزاق، هانى مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانى بەشى ڕاگەیاندنی دا سود لە ستۆدیۆکانى ڕادیۆکە وەک تاقیگەیەکى فێربوون وەربگرن بۆ بەرزکردنەوەى کارامەیی و لێهاتویان لە بوارە جیا جیاکانى ڕاگەیاندن و داواشی کرد ڕادیۆکە بکەنە وێستگەیەک بۆ خزمەتکردن بەکۆمەڵگە و گەیاندنى دەنگ و ژیانى قوتابیان و خوێندکارانى زانکۆ بەکۆمەڵگە.

بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هیواشى خواست بەسو دوەرگرتن لە تواناى زانستى مامۆستایانى زانکۆ هاوکارى چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە بکەن بەتایبەت لە چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکانیان بەڕێگەیەکى زانستى.

پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ڕادیۆی زانکۆی سەڵاحەدین بە پاڵپشتى دارایی دەزگای ڕوانگە جێبەجێ کراوە و ڕۆژانە پەخشى ئاسایی خۆى لەسەر شەپۆلى (FM1: 91.3) بەخش دەکات.