سیمپۆزیۆمێکی تایبەت بە کێشەى کۆچ و ئاوارەبون، لە زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، سیمپۆزیۆمى (کێشەى کۆچ و ئاوارەبون، دەرەنجام لێکەوتەکانى)، لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
سیمپۆزیۆمەکە لەلایەن زانکۆى سەڵاحەدین وبەهەماهەنگى لەگەڵ ئەنجومەنى زانکۆ نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەچوو، کە تێیدا د.ئەمیر چالى، ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە نوێنەرایەتى د.ئارام محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکرد.
د.ئەمیر چالی رایگەیاند:''هۆکارەکانى کۆچکردن هەرچیەک بێت ئەم بابەتە کەرستەیەکى خاوى پڕ بەهایە بۆ توێژەران لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بەو پێیەى توێژینەوەى زانستى سەرچاوەى دۆزینەوەى چارەسەرەکان و گەشەکردنى هەمەلایەنەى کۆمەڵگەیە، بۆیە لە چوارچێوەى سیاسەتى حکومەتى هەریمى کوردستان لە کابینەى نۆیەم و ڕێفۆرمەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بایەخێکى زۆر بەتوێژینەوە دراوە.''
نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی راشیگەیاند:''وەزارەت چەند هەنگاوێکى گرنگى گرتۆتەبەر بۆ دەستەبەرکردنى بارودۆخ و هەلومەرجى شیاو بۆ پێشگرتن لە کۆچى گەنجان بۆ دەرەوەى وڵات بەتایبەت ڕێگەگرتن لە دیاردەیەکى ترسناک کە پێى دەوترێت (Brain Drain).''
ئاشکراشیکرد هەنگاوەکان بەم جۆرانەن، پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی، کارکردن بۆ پەرەپێدانى پرۆگرامەکانى خوێندن بەپێى پێداویستیەکانى بازارى کار لە چوارچێوەى بۆلۆنیا پرۆسیس، هەروەها کاراکردنى سێنتەرەکانى پەرەپێدانى کار لە وەزارەت و زانکۆکانى کوردستان بەمەبەستى ئاشناکردنى قوتابیان و خوێندکاران بەبازارى کار و ڕاهێنانیان، لەلایەکى دیکەوە وەزارەتەکەمان لە کارەکانى بەردەوامە بۆ ڕاگەیاندنى خوێندنى باڵا، کە بەهۆیەوە ڕێگرى دەکرێ لە چونە دەرەوەى گەنجان بۆ تەواوکردنى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا، هاوکات لە وەزارەتەکان کارى تەواو کراوە بۆ کردنەوەى لقى زانکۆ بەناوبانگەکانى جیهان لە هەرێمى کوردستان، کە دەرفەتى گرنگ بۆ قوتابیان و خوێندکاران دەڕەخسێنى تا بتوانن بڕوانامەیەکى نێودەوڵەتى لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان بەدەستبهێنن.
د.کامەران یونس سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین، هیواشى خواست ئەو سیمپۆزیۆمە ببێتە هەنگاوێک بۆ پیادەکردنى سیاسەتێکى دروست بۆ ڕێگەگرتن لە کۆچى گەنجان بەگشتى و زانایان بەتایبەت.