Skip to the content

بۆ تاووتوێکردنى پرسى دارایىی زانکۆکانى کوردستان وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ وەزیرى دارایى کۆ بووەوە

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتى ٢٦ى تەممووزی ٢٠٢٣، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سەردانى وەزارەتى دارایى کرد و لە لایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایىی حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشوازیی لێ کرا.

لە دیدارێکدا کە بەڕێوەبەرى گشتیی بانکى هەرێم لە هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەى پرسە داراییەکانى وەزارەت و زانکۆکانى کوردستان کرا، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: "هاتووین لە نزیکەوە سوپاس و پیزانینی خۆم و وەزارەتی خوێندنی باڵاتان پێ ڕابگەیەنم بۆ هەموو هاوکاری و پشتیوانییە بەردەوامەکانتان بۆ وەزارەتەکەمان".

وەزیرى دارایى جەختى لە هاوکارى و پشتیوانیى بەردەوامى وەزارەتەکەى کردەوە بۆ کارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا، لەو چوارچێوەیەشدا گوتى: "کارەکانتان گرنگ و پڕ بایەخن بۆ خزمەتکردنی خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمەکەمان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ئەکادیمیی دامەزراوەکان و زانکۆکان لە هەرێمى کوردستان، هەر بۆیە وەک هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین و هەر کارێک لە چوارچێوەی دەسەڵات و تواناماندا بێت درێغی ناکەین".

وەزیرى خوێندنى باڵا داواى لە وەزیرى دارایى کرد بۆ تەواوى مانگەکانى ساڵى ئەکادیمیی داهاتوو پاڵپشتیى دارایى قوتابیان و خوێندکاران بەردەوام بێت و هەوڵ بدرێت کێشەى نەختینەى بانکى دروست نەبێت و ئەو بانکانەشى ئەو کێشەیان هەیە چارەسەر بکرێت، هەروەها ئاسانکارى بکرێت بۆ دابەشکردنى ئەو بڕەپارەیەی کە پاڵپشتیی قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆکانن بۆ ئەمساڵی خوێندن وهێشتا وەریان نەگرتوە، هیمەت بکەن گەنجینە و بانکەکان دەست و بردی تەواو بکەن بۆ پێدانی شایستە داراییەکانی قوتابیان و خوێندکاران، بۆ ئەمەش وەزیرى دارایى دووپاتی کردەوە وەزارەتەکەیان هەوڵ دەدات بە بێ کێشە پاڵپشتیی داراییی قوتابیان و خوێندکاران، مانگانە لە کاتى خۆیدا خەرج بکرێت".

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لا جەختیان لەسەر پەرەپێدان و بەردەوامیی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوانیان کردەوە.