وەزارەتى خوێندنى باڵا، ئەنجامى راوندى دوەمى تواناسازى نیشتمانى دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆراى پەسەند کرد
وه‌زیرى خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، سەرکەوتنى گه‌وره‌ترین پڕۆسه‌ی راوندى دوەمى تواناسازى نیشتمانى خوێندنی دبلۆمى باڵا، ماسته‌ر و دكتۆراى له زانكۆ حکومییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠٢٣-٢٠٢٤ ڕاگەیاند، کە بەگه‌وره‌ترین پڕۆسه‌ی خوێندنی باڵا له هەرێمى كوردستان داده‌نرێت.
دوای ته‌واوبونی قۆناغه‌كانی پرۆسه‌ی پێشكه‌شكردن و ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ی توانستی زانستی و ڕێکخستنى کێبڕکێ و پەیڕەو کردنى سیستمى خاڵبەندى بۆ پێشکەشکارانى خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماسته‌ر و دكتۆرا له زانکۆ حکومییەكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەو پەڕى شەفافیەت و بێ لایەنى جارێکى تر وردبینى لە داتا‌کان کردەوە، ئەویش لەپێناو چەسپاندنى پرەنسیپەکانى دادپەروەرى و شەفافیەت و هەلى یەکسان، دواتریش ئەنجامەکانى پەسەند کرد، بۆ ئەمەش خوازیاران لە (ئەمڕۆ)ەوە دەتوانن ئه‌نجامە بەراییەکان له‌سه‌ر وێبسایتی فەرمی زانكۆكانیان وه‌ربگرنه‌وه.
د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م وه‌رگیراوان له گشت زانكۆكانی كوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت:''ئومێده‌وارین له ئاست چاوه‌روانییەکانی سێکتەری خوێندنی باڵا و نیشتمانەکەماندا بن و به ئاستێكی زانستی به‌رز درێژه به خوێندنی باڵا بده‌ن و بڕوانامه به‌ده‌ست بهێنن به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تگه‌یاندن بەھەردوو كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت له هه‌رێمی كوردستان.''
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، مژدە دەداتە ئەو پێشکەشارانەى کە ده‌رفه‌ت نه‌بووه بۆ ئه‌مساڵی خوێندنى ٢٠٢٣-٢٠٢٤ وه‌ربگیرێن بە هۆى نەمانى کورسی یاخود دەرنەچوون له تاقیكردنه‌وه‌ی توانستى زانستی، وه‌زاره‌ت به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ زانكۆ حکومییەکانى کوردستان له ئێستاوه ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له مانگی ٩ی ئه‌مساڵدا، خولێکى دیکەى پڕۆسه‌ی خوێندنی دبلۆمی باڵا و ماسته‌ر و دكتۆرا له زانكۆكان دەستپێبکات.
وەزیرى خوێندنى باڵا‌و توێژینەوەی زانستی، سوپاسی سەرجەم سەرۆک و یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆکان و ڕاگر و سەرۆک بەش و مامۆستایان و کارمەندان و فەرمانبەران دەکات کە بە شەونخونی و ھەوڵ و ماندوبونیان پرۆسەکەیان بەسەرکەوتویی جێبەجێ کرد.
پێشکەشکاران لە دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامە بەراییەکان، ئەگەر هەر تانەیەکیان هەبێت، لە ماوەى ٥ رۆژى کارکردن دەتوانن بەشێوەى ئۆنلاین لە وێبسایتى ڕەسمى زانکۆکانیان تانە تۆمار بکەن.