Skip to the content

بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا پێشوازی لە سەرۆکى زانکۆى (Dundee) دەندى بەریتانى کرد

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - بەمەبەستى پەرەپێدانى بوارى زانستى و ئەکادیمى و ئاڵوگۆرى مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران، شاندێکی زانکۆى(Dundee) دەندى بەریتانى سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد.

رۆژی یەکشەمە ڕێکەوتى ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، د.عبدالفتاح عبدالرزاق، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازی لە پرۆفیسۆر ئییەن گیلیپسى، سەرۆکى زانکۆى (Dundee) دەندى بەریتانى و شاندێكی شاندێکی یاوەری کرد کە پێهاتبوون لە پرۆفیسۆر محەمەد ئەلئوزرى، سەرۆکى ئەنجومەنى عێراقى – بەریتانى بۆ کار، د. جەیسن نۆریس، بەرپرسى پارتنەر لە زانکۆى دەندى بەریتانى کە بەمەبەستى ئەنجامدانى چەند پرۆژەیەکى هاوبەشى زانستى لەگەڵ چەند زانکۆیەک سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد بوو.

لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاوێژکارى وەزیر و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبون، سەرۆک زانکۆى دەندى بەریتانیا خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بۆ سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و باسى لە ئەرک و کارى هاوبەشى زانکۆکەى کرد لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان.

لە وتەیەکیشدا بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتى بەریتانیا کرد، بۆ ئەمەش رایگەیاند: ''وەزارەتەکەمان لە ڕابردودا زۆرترین پڕۆژەى زانستی هاوبەشى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى وڵاتى بەریتانیا هەبوە و زۆرترین وەبەرهێنانی زانستی لە بوارەکانی پەرەپێدانی تواناکان و توێژینەوەی هاوبەش و ئاڵوگۆری ئەکادیمی لەگەڵ زانکۆکانتان هەبووە بۆیە خوازیارین ئەم پەیوەندییە زانستییانە فراوانتر بن و بوارەجیاجیاکانی تایبەت بەگەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا لەخۆ بگرێت.''

د.عبدالفتاح عبدالرزاق راشیگەیاند:''بەشێکى گرنگ و ستراتیژى کارى ئێمە بریتیە لە فراوانکردنى پانتایى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا بەپێویستى دەزانین کەناڵێکى ڕاستەوخۆ و باشتر لەگەڵ بازارى کارى کوردستان ئەنجام بدەین، بۆ جێبەجێکردنى ئەم ئامانجانە پێویستمان بە شارەزایى و لێهاتویى و توانا زانستییەکانتان هەیە، بۆ ئەوەى سود لە ئەزمون و تواناى ئەو وڵاتە وەربگرین. هەروەها بریکارى وەزارەت باسی لە پلانی وەزارەت بۆ ڕیفۆرم و چاکسازى و پێداچونەوە بە پرۆگرامى خوێندنى سەرجەم بەشەکانى زانکۆکانى کوردستان کردو وتى بەشداری و هەماهەنگی شارەزایانی بەریتانیا زۆر یارمەتیدەر دەبێت لە سەرخستنی ئەم پرۆژەیە.''