Skip to the content

بڕیاری دامەزراندنی زانکۆی پۆلەتەکنیکی گەرمیان و زانکۆی ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان دەرچوو

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، فەرمانى دامەزراندنی بۆ هەردوو (زانکۆى پۆلیتەکنیکى گەرمیان) و (زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان) دەر کرد.

دوابەدواى نووسراوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ دامەزراندنى هەردوو (زانکۆى پۆلیتەکنیکى گەرمیان) و (زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان)، هەروەها پاڵپشت بە فەرمانى سەرۆکایەتىی ئەنجوومەنى وەزیران و لەبەر ڕۆشنایىی بڕگەى (پێنجەم) لە ماددەى (سێیەم) و بڕگەى (یەکەم/١) لە ماددەى (چوارەم)، لە یاساى وەزارتى خوێندنى باڵا و توێژینەوى زانستیی ژمارە (١٠)ى هەموارکراو، بە فەرمانى وەزاریی ژمارە (٧٤٤) لە ڕێکەوتى ٢٢ی حوزەریرانی ٢٠٢٣، وەزارەتى خوێندنى باڵا بڕیاری دا بە:

١- دامەزراندنى زانکۆیەکى حکومىی نوێ بە ناوى (زانکۆى پۆلیتەکنیکى گەرمیان) کە ناوەندەکەى لە ئیدارەى سەربەخۆى گەرمیان (قەزاى کەلار) دەبێت، هەروەها بەستنەوەى ئەم زانکۆیە بە وەزارەت و زیادکردنى بۆ لیستى زانکۆ حکومییەکان، بە پێى بڕگەى (یەکەم/٩) لە ماددەى (حەوتەم) لە یاساى وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوى زانستى.
٢- ئەم فەرمانە لە ڕۆژى دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها لە فەرمانێکى دیکەى وەزاریدا بە ژمارە (٧٤٥) لە هەمان ڕێکەوت، بڕیاری دا بە:

١- دامەزراندنى زانکۆیەکى حکومىی نوێ بە ناوى (زانکۆى ئاکرێ بۆ زانستە کردارییەکان) کە ناوەندەکەى لە قەزاى ئاکرێ دەبێت، هەروەها بەستنەوەى ئەم زانکۆیە بە وەزارەت و زیادکردنى بۆ لیستى زانکۆ حکومییەکان، بەپێى بڕگەى (یەکەم/٩) لە ماددەى (حەوتەم) لە یاساى وەزارتى خوێندنى باڵا و توێژینەوى زانستى.
٢- ئەم فەرمانە لە ڕۆژى دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.