Skip to the content

بۆ ساڵى نوێى خوێندن زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى لە زانکۆکان دەڕەخسێنرێت

لە کۆبونەوەیەکدا بە سەرپەرشتیی وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، شێواز و پلانەکانى وەرگرتن و گواستنەوەو دابەزینى خوێندکاران/ قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندن تاووتوێ کرا.

ڕۆژی سێشەممە، ڕێكه‌وتی ٦ى حوزەیرانی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى وەرگرتن بە بەشداریى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ و بەڕێوەبەرى تۆمارى سەرجەم زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوە چوو، لە کۆبوونەوەکەدا پلان و بەرنامەکانى وەزارەت تایبەت بە وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان و گواستنەوە و دابەزین بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠٢٣-٢٠٢٤ گفتوگۆى لەبارەوە کرا؛ چەند بابەتێکى گرنگ و پەیوەست بە شێوازى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان خرایە ڕوو و بەرنامەى پێویستیان لەبارەوە دانرا.

وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: "بۆ یەکەمجار لە مێژووى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان، لە ماوەى ساڵانى ڕابردوو، توانیمان زۆرترین ڕێژەى پلانى وەرگرتن بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخان بکەین و هەلى گونجاوى خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان بۆ دەرچووان بڕەخسێنین و لانیکەمى ڕەنگدانەوەى دادپەروەرى و شەفافییەت و یەکسانى بێت لە نێوان کوڕان و کچانى هەرێمەکەمان".

د. ئارام محەمەد قادر دووپاتیشی کردەوە، "وەزارەتى خوێندنى باڵا بە ڕەچاوکردنى کوالیتیى خوێندن و لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە، کار بۆ وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات، بۆ ئەمەش بەهەمان ڕۆحیەتى ساڵانى پێشوو و بە ڕەچاوکردنى کوالیتیی خوێندن، زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچووانى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان دەڕەخسێنین، لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەت هاوکار و پاڵپشتى زانکۆکان دەبێت".