لە هەولێر وۆرکشۆپى تایبەت بە توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو
ڕۆژی دووشەممە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، وۆرکشۆپى تایبەت بە توێژینەوەى زانستى بەناونیشانى (پێشخستن و پەرەپێدانى توێژینەوە لە هەرێمی کوردستان) لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە بەڕێوەچوو.
د.عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: '' وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەگرنگییەوە لە پرۆسە و جوڵەى توێژینەوەى زانستى دەڕوانێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەماوەى ڕابردودا کۆمەڵێک هەنگاومان ناوە، بەڵام پێویستمان بە پێداوچونەوەیەکى گشتگیر هەیە.''
بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى ئاماژەشی بەوەدا کە دەبێت ئەم وۆرکشۆپە ببێتە دەروازەیەک بۆ پێداچوونەوە بە سەرجەم ڕێکارەکانى (پێشکەشکردن، هەڵسەنگاندن، بڵاوکردنەوە)ى توێژینەوەى زانستى لە گۆڤارە ناوخۆییەکان، بەهەمان شێوە دەبێت توێژینەوەى زانستى لە کۆنفرانسە زانستییەکان و نامەى ماستەر و تێزى دکتۆرا بەشێوەیەک نەخشەڕێى کارەکانیان دابڕێژین، کە جگە لە نوێگەرى و ڕەسەنایەتى و بابەتیبوون، لەهەمانکاتدا بە ئاراستەى خزمەتکردنى کەرتە جیاوازەکانى کۆمەڵگەى کوردستانى بێت.''
لە بەشێکى دیکەى وۆرکشۆپەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى ڕەهەندە بنەڕەتییەکانى توێژینەوەى زانستى کرا، کە بریتی بوو لە (گۆڤارە زانستییەکان، یاسا و ڕێساکانی بەرزکردنەوەی نازناوى زانستى، توێژینەوەی زانستى و چۆنییەتى بەدەستهێنانى پاڵپشتى دارایی و فەند، چۆنیەتى پێشخستنی ئاستى هاوکاری و هەماهەنگى نێوان توێژەران، باشترکردنی کواڵیتى بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى، یاسا و ڕێنمایی و پێوەرەکانى پەیوەست بەتوێژینەوەى زانستى).