Skip to the content

وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕوپێوی زانستییانەی پێداویستییەکانی بازاڕی کاری کوردستان ئەنجامدەدات

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژە بەوە دەکات کە پرۆگرامەکانی خوێندن لەبەر ڕۆشنایی ڕووپێوی بازاڕی کار و ئاڕاستەی گەشەکردنی ئابووریی دادەڕێژینەوە، ئەوەش بە ئامانجی باشتر ئامادە کردنی دەرچووان بۆ پێشبڕکێی بەدەستهێنانی هەلی کار.

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٣، د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازی لە لۆرى مەیسن، ڕێکخەری گشتی کاروبارەکانی ڕێکخراوی ئایرێکس لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەی بوون، ڕێکخەری گشتی کاروبارەکانی ڕێکخراوی ئایرێکس لە عێراق کورتەیەکى لەبارەى کارو چالاکییەکانی داهاتووى ڕێکخراوەکەیان پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد.

د. ئارام محەمەد، ئاماژەشى بە کارەکانى بۆردی ڕاوێژکاری نێوان ئەکادیمیا و کەرتی تایبەت کرد، کە ئامانج لەو پرۆژەیە وەرگرتنی ڕاو سەرنج و تێڕوانینەکانی کەرتی تایبەت و پیشەسازییە لەبارەى هەماهەنگی زیاتر بۆ ئامادەکردنی هێزی کاری وڵاتەکەمان لەبەر ڕۆشنایی پێداویستییەکانی بازاڕی کارو ئاڕاستەی گەشەکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند :''باوەڕمان وایە خوێندن لە وڵاتى ئێمە ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانى بازاڕى کارو ئاڕاستەی گەشەکردنى ئابووری بێت و گەنجانی وڵاتەکەمان بۆ ئەو سکیڵ و کارامەییانە ئامادەبکەین کە پێویستن بۆ بازاڕى کار.''

وەزیرى خوێندنى باڵا ئاماژەی بەوەشدا کە پرۆژەی پەرەپێدانی پرۆگرامەكانی خوێندن لەسەرجەم كۆلێژ و بەشەكانی زانكۆكانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردوە، کە پرۆژەیەكی گشتگیرو گرنگی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە، ئەوەش بەمەبەستى بەرزكردنەوەی زیاترى ئاستی زانستی و ئەکادیمى بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامەكانی خوێندن لەسەرجەم كۆلێژ و بەشەكانی زانكۆكانی هەرێمی کوردستان لەپێناو ئەوەی كە پرۆگرامی خوێندن زیاتر ببەستینەوە بە بازاڕی كار و ڕاشیگەیاند:'' لە ئێستادا لە قۆناغى ئامادەکاریین بۆ ئەنجامدانى کۆنفرانسى فراوانى پەرەپێدانى پرۆگرامەکان بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوکارى و هەماهەنگى ئایرێکس دەبێت.''