Skip to the content

بە بڕی ٩٤٧ ملیۆن دینار باڵاخانەی تاقیگەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر دروست دەکرێت

لە شاری هەولێر، بەردى بناغەى باڵەخانەی تاقیگەکان لە کۆلێجی تەکنەلۆجیای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، بە بڕی ٩٤٧ ملیۆن دینار دانرا.
پرۆژەکە لەسەر داهاتی زانکۆیە و لە ماوەی ٣٦٠ ڕۆژدا جێبەجێ دەکرێت، کە لە باڵەخانەیەکى سێ نهۆمى و ٢١ تاقیگەى زانستى و ٣٩ ژوورى کارگێڕى و هۆڵى خوێندن و هۆڵێکى گەورەى سمینار پێک دێت.
لە گوتەیەکدا د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند:'' ئەوەى ئەمڕۆ دەیبینین هەوڵ و بەرهەمى مامۆستایان و بەشەکان و سەرۆکى زانکۆیە، چونکە ئەو داهاتەى کە هەمانە خراوەتە خزمەتى پەرەپێدانى تواناکان و پەرەپێدانى ژێرخانى تاقیگەکان و هۆڵەکان و ژینگەى خوێندن.''
د.ئارام محەمەد قادر ڕاشیگەیاند: "لە بەر ڕۆشنایی پلانى ڕیفۆرمى خوێندنى باڵادا، زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان پێگەیەکى دیار و گرنگیان هەیە، چونکە ڕۆڵێکى گەورەیان لە وەرگرتنى خوێندکاران و پێگەیاندنى قوتابیان و ژینگەى خوێندن هەیە، دڵخۆشین بەوەى ئاستى زانکۆکان زۆر باشن و هەنگاو بەهەنگاو بەرەوپێشچوونى زیاتریش بەخۆیانەوە دەبینین.''
ڕوونیشی کردەوە: "وەزارەتەکەمان لە پاڵ پێگەیاندنى قوتابیان و خوێندکاران بە پسپۆڕییە جیاوازەکان و شارەزابوونیان بە سکیڵ و لێهاتووییە جۆراوجۆرەکان، هاوکات ئەرکیەتى ئینتیماى نیشتیمانى بۆ گەنجانى وڵاتەکەمان بگەڕێنێتەوە، ئەوەش بە دابینکردنى دەرفەتى کار و مسۆگەرکردنى ژیانێکى شەرەفمەندانە".
هەر بەو بۆنەیەوە د.ئیدریس هەرکى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر گوتەیەکى پێشکەش کرد و باسى لە لایەنە جیاکانى پڕۆژەکە کرد بۆ چۆنیەتیی خزمەتکردنى قوتابیان و خوێندکاران، گوتیشى "ئەمە بەشێکە لە جێبەجێکردنى پلانێکى درێژخایەن بۆ بونیاتنان و پتەوکردنى ژێرخانى زانکۆکەمان و ڕەخساندنى ژینگەیەکى لەبارى خوێندن بۆ خوێندکاران و قوتابیان."