Skip to the content

بە ئامادەبونی نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا، پلانی ستراتیژی زانکۆی کۆیە بۆ پێنج ساڵی داهاتوو ڕاگەیەندرا

بەئامادەبونی د.ئامانج عەبدوڵا سەعید، نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و د.محەمەد حەسیب، سەرۆکی زانکۆی کۆیە و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی کۆیە و کەسایەتی کارگێڕی و کۆمەڵایەتی شاری کۆیە، باڵیۆز و کۆنسوڵی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی کۆیە لە مەڕاسیمێکی تایبەتدا پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە ڕاگەیەندرا.

لە وتەیەکدا سەرۆکی زانکۆی کۆیە هەنگاوەکانی ئامادەکردن و نووسینەوەی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیەی خستە بەرباس و هاوکات ئامانجەکانی پشت داڕشتنی ئەم پلانەی بە مەبەستی پێشخستنی ئاست و پێگەی نێوخۆیی و دەرەکی زانکۆی کۆیەی ڕوونکردەوە.

لە وتەیەکدا بەناوی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د.ئامانج عەبدوڵا، دەستخۆشی لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی کۆیە کرد بۆ ئەرک و ماندوبوونیان لە داڕشتنی پلانی ستراتیجی زانکۆ، بێگومان ئەمە دەستپێشخەرییەکی گرنگ و بوێرانەیە، زانکۆ لەم ڕێگایەوە دەتوانێت ئامانجەکانی بە ڕوونی دیاری بکات، سەرچاوە مادی و مرۆییەکانی بەشێوەیەکی کارا و کاریگەر ئاراستە بکات، هەروەها لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت بە بەردەوامی پەرە بە کواڵیتی خوێندن و ڕاهێنان و توێژینەوەی زانستی و بەرهەمهێنانی مەعریفە و ڕەهەندە جیاجیاکانی پرۆسەی خوێندن و ئەکادیمیا بدات، بەتایبەت لەم ڕێگایەوە زانکۆ دەتوانێت لە مەودای دورو نزیکدا تەرکیزی تەواوی لەسەر گەشەکردن و پەرەپێدانی هەمالایەنەی زانکۆ هەبێت.

د.ئامانج عەبدوڵا راشیگەیاند: ''لە ناو پلانی ستراتیجیەکەتاندا حەوت بنەما یان حەوت کۆڵەکەی سەرەکی ئاماژەیان پێکراوە کە بریتین لە کارکردن بۆ سەرکەوتنی خوێندکاران و ئامادەکردنیان بۆ بازاڕی کار، گرنگیدان بە توێژینەوە و پەرەپێدان و داهێنان، دروستکردنی پەیوەندی توندوتۆڵ لەگەڵ کۆمەڵگا، پرەپێدانی سەرچاوە مرۆیی و دارایەکان، فراوانکردنی ڕەهەندە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆ، بنیادنانی زانکۆی سەوز و پاراستنی ژینگە، هەروەها پەرەپێدانی پرۆسەی بە ئەلکترۆنیکردن دامەزراوەکانی زانکۆ. ''

نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئاماژەشی بەوەدا کە هەر یەک لەو بنەمایانەی کە سەرکردەکانی زانکۆ لە پلانی ستراتیجیدا ئاماژەیان پێکردووە هاوتەریبە لەگەڵ ئەرکی زانکۆکان و پێداویستییەکانی گەشەکردنی زانکۆکان لەسەدەی بیست و یەک، ئێمە لە قۆناغیکدا دەژین کە پێشکەوتن و گۆڕانگاری تەکنۆلۆجی زۆر بەخێرایی گوزەر دەکەن، ئەم گۆڕانکاریانەش خۆی لە خۆیدا هاوشێوەی شۆڕشە پیشەسازییەکانی دیکەی مێژوو گۆڕانگاری ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لەگەڵ خۆیان دەهێنن، زانکۆ لە سەدەی بیست و یەکدا جگە لە ئەرکە زانستییەکان و توێژینەوەی زانستی و داهێنان، ئەرکی دیکەی دەکەوێتە ئەستۆ، دەبێت زانکۆ بەردەوام ئاگای لەو کارامەییانە بێت کە پەیوەندیدار و پێویستن بۆ بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابوری کوردستان، خوێندکاران بەو کارامەییانە ڕابهێنرێن کە توانای داهێنان و کارسازیان پەرە پێدەدات و باشتر ئامادەیان دەکات بۆ پێشبڕکێی بەدەستهێنانی هەلی کار.

لە درێژەى وتەکەیدا وتى، ئەرکێکی گرنگی زانکۆ بریتییە لە دروستکردن و پتەوکردنی هەماهەنگی لەگەل کۆمەڵگا، جێگەی دەستخۆشییە زانکۆ لە پلانی ستراتیجی خۆیدا ئەم بابەتەی بەهەند وەرگرتوە، زانکۆ دەتوانێت فاکتەرێکی گرنگ بێت بۆ گەشەکردنی ئابوری و کەلتوری کۆمەڵایەتی شارەکان، بە پێی ئەم پلانە ستراتیجییە زانکۆی کۆیە تەرکیزی زیاتر دەبێت لە دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ سێکتەرەجیاجیاکان و چین و توێژەکانی شار، بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانن هەماهەنگی زیاتر بکەن و هەم گۆمەڵگەی ئەکادیمی زانکۆ باشتر و کاراتر بەشداربن لە چارەسەرکردنی پرسەکانی کۆمەڵگا و هەم کۆمەڵگاش بەشداربێت لەگەشەکردنی زانکۆ .

هەروەها پلانی ستراتیجی زانکۆکەتان هاوتەریبە لەگەڵ (ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام)ی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەت جێگەی دەستخۆشییە کە لەگەڵ دروستکردن و فراونکردنی دەرفەتی خوێندن بۆ هەموان، گرنگی بە ژینگە و سەوزکردنی کامپەس و شارەکەتان دەدەن، ئێمە هیوامان وایە زانکۆی کۆیە بتوانێت شاری کۆیە لە پرسی ژینگە دۆستی بگەیەنێتە لوتکە، بە تایبەت کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی دەرهاویشتەی کاربۆن و بیکردنەوە لە بەکارهێنانی وزەی خاوێن و بەردەوام، گۆڕینی کەلتوری بیناسازیه هەم لە کامپەسی زانکۆ و هەم لە ناوشار بە جۆرێک هەم دۆستی ژینگە بێت و هەم رەچاوی ناسنامەی تەلارسازی شارەکەمان بکات مەتیریاڵی لۆکاڵی بۆ بیناسازی شار بەکار بهێنرێت.

هەروەها لە پلانی ستراتیجیدا ئاماژە بە توێژینەوە و پەرەپێدان و فراوانکردنی ڕەهەندی نێودەوڵەتی زانکۆ دراوە، زانکۆ بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم ئامانجە بەدی بهێنێت دەبێت بەر لە هەموو شتێک ناسنامەی تواناکانی توێژینەوەی زانستی بۆخۆی دیاری بکات بە تایببەت ئەو بوارە پسپۆڕیانە دەستنیشان بکات کە ڕووی توانای توێژینەوەی زانستییەوە خاڵی بەهێزی زانکۆکەتانن ئەو کات زانکۆ دەتوانێت لە ڕووی ژێرخان و گەشەپێدانی توانامرۆییەکان و پێداویستییە زانستیەکان ئاراستەی وەبەرهێنان لە توێژینەوە و پەرەپێدان دیاری بکات.

پلانەکە دیزاینیکی ناوازەی بۆ کراوە و بە هەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی چاپکراوە و درایە ماۆستایانی زانکۆ و ئامادەبوان.

پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە لە حەوت کۆڵەگەی سەرەکی پێکهاتووە کە هەر کۆڵەگەیەک چەندین ئامانج لە خۆ دەگرێت و دەبێت لە ماوەی پێنج ساڵ جێبەجێ بکرێت.
کۆڵەگە سەرەکییەکانی پلانی ستراتیژیی زانکۆی کۆیە بریتییە لە:
- سەرکەوتنی خوێندکاران و ئامادەسازییان بۆ بازاڕی کارو
توێژینەوە و داهێنان
- گەیاندنی خزمەتگوزاری بە کۆمەڵگا
- پەرەپێدانی سەرچاوەکان
- بە نێودەوڵەتی کردن و پێگەی جیهانی
بەئەلیکترۆنیکردن
- بنیادنانی زانکۆی سەوز (ژینگە دۆست)
پلانەکە بە ڕاوێژ لەگەڵ چەندین پسپۆر لە ناوەوەی زانکۆ، شاری کۆیە، هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان ئامادەکراوە.