وەزیری داد لەگەڵ راوێژکاری یاسایی یونیتاد کۆبوەوە
هەولێر، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- کار وپرۆژەکانی تیمی لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعشی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیتاد) و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی کەیسی تاوانەکانی داعش و چۆنێتی دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ دادگاییکردنی تاوانباران، باسی سەرەکی دیداری فرسەت ئەحمەد وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کریستۆفەر گۆرسنێل راوێژکاری یاسایی سەرۆکی تیمی یونیتاد بوو.
لەو دیدارەدا کە لە ١٨ ی تشرینی یەكەم (ئۆكتۆبەر)ی ٢٠٢٠لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو، وەزیری داد دووپاتی کردەوە دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش کارێكی گرنگە وجیاوازییەکی زۆری دەبێت بڕیارەکانی دادگا لەسەر تاوانەکانی داعش لەلایەن داگایەکی نێودەوڵەتییەوە بێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد دەکرێت ئەو دادگایە لە هەرێمی کوردستان پێک بهێنرێت، بەڵام هەبوونی تایبەتمەندی نیودەوڵەتی هۆکاری یارمەتیدەر دەبێت، لەوبارەیەوەش پرۆژە یاسایەک بۆ پێکهێنانی دادگایەک لە هەرێمی کوردستان هەیە و کاری لەسەر كراوە بەڵام هێشتا ڕانەگەیەندراوە، چونکە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە وبە پاڵپشت بە سەرچاوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی وەکو سیستەمی رۆما، دادگای لاهای، یاسای دادگای سەدام، بەڵام پێویستە ژمارەیەک دادوەری دادگاکە لەوانە بن کە لەدادگا نیودەوڵەتییەکاندا کاریان کردووە.
روونیشی کردەوە سیستەمی یاسای عێراق وەسفی تاوانە نیودەوڵەتییەکانی نەکردووە نە لە یاسای سزاكان و نە لەهیچ یاسایەكی دیکە، کێشەکەش ئەوەیە عێراق کاتێک یاسای دادگایی کردنی رژیمی پێشووشی هەموارکردۆتەوە دیسان باسی دادگای نیودەوڵەتی وتاوانە نێودەوڵەتیەکانی نەکردووە، وتەنیا پشتی بە یاسای تیرۆر بەستووە.
لای خۆیەوە راویژکاری یاسایی کەریم خان سەرۆکی تیمی یونیتاد، سوپاسی روونکردنەوەی وەزیری دادی کرد ودووپاتی کردەوە هەموو پێشنیازو بۆچوونەکان دەگەیەنێتە شوێنی مەبەست و ئاماژەشی بە کارەکانی خۆیان دا هەروەها هەوڵەکانی وەزیری دادی بۆ بەئەلیكتڕۆنی كردنی دامودەزگاکانی وەزارەتەکەی بەرز نرخاند.
راوێژکارەکەی یونیتاد رایگەیاند ئامانجی ئەوان دادگاییکردنی تاوانبارانی داعشە، و راشیگەیاند لەداهاتوودا خۆی و سەرۆکی تیمی یونیتادیش، سەردانی دیکەیان بۆلای وەزیری داد دەبێت.
هەر لە دانیشتنەکەدا كە ئەندامی داواکاری گشتی ونوێنەری وەزارەتی داد بۆ کارەکانی تایبەت بە یونیتاد بەدرەددین کەریم ئامادەی بوو ئاماژەی بە رۆڵی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان کرد ئەوەشی خستەڕوو داواکاری گشتی لە دادگای تاوان نوێنەری هەیە و سەدان دۆسێی تاوانەغی داعشی لەبەردەستدایە.
هەروەها ئاماژەی بە گرنگی بایەخدانی یونیتادی کرد بە هەرێمی کوردستان،و رایگەیاند کە لە سەرەتاوە یونیتاد کەمتر بایەخی دەدا، ئاماژەی بە یاسای دادگای باڵای تاوانەکان لە عیراق دا ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٠٥ و هەموارکردنەوەکەی ٢٠١٧، کە تیاییدا تەنیا لەیەک مادەدا باسی یونیتاد کراوە و بە هیچ جۆرێک ئاماژە بەدەسەڵاتی دادوەری هەرێـمی کوردستان نەکراوە، وتەنیا ئاماژەی بە قەزای ئیتیحادی داوە وبەپیویستی زانی ئەو کەموکوریانە چارەسەر بکرێن.