Skip to the content

وەزیری داد لەگەڵ سەرۆکی تیمی یونیتاد کۆبوەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەمە ٢٦ی تشرینی یەكەم (ئۆكتۆبەر)ی ٢٠٢٠، لە دیوانی وەزارەت فرسەت ئەحمەد، وەزیری داد لەگەڵ کەریم خان، سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکانی داعش (یونیتاد) و شاندێکی هاوڕێی کۆبوەوە.

ژەم كۆبوونه‌وه‌یەدا باس لەچۆنێتی دامەزراندنی ئەو دادگایەی کە تاوانبارانی داعشی تیادا دادگایی دەکرێن و رێوشوێنی کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان و دۆکێۆمێنت کردنی قسەی شایەتحاڵەکان و قسەی قووربانییەکان و رۆڵی سیستمی ئەلەکترۆنیکردنی بەڵگەنامەکان و پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاری تیمەکە كرا.

وەزیری داد دووپاتی لە گرنگی سرووشت و جۆری ئەو دادگایە و ئاستی ئەو دادوەرانە کردەوە کە دادگاکە بەڕێوەدەبەن ئەوەشی خستەڕوو كە پێویستە ئەو تاوانانە لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام ئەگەر هاتوو بڕیار لەسەر ئەوە درا دادگایەکی عێراقی بێت، باشترە دادوەرانی نێودەوڵەتی لەو دادگایەدا هەبن.


وەزیری داد، رایگەیاند چەندین هۆکار وایان کردووە، متمانە بە دادگاکانی عێراقی لاوازبێت، بەتایبەتی دوای دادگایی کردنی سەدام حوسێن، چەندین کەیسی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان، خرانە دواوە، بەڵام یەکەم جار کەیسی "دوجەیل" یەکلایی کرایەوە وکەیسەکانی کیمیاباران کردنی هەڵەبجە و ئەنفال پشتگوێ خران.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە ستستەمی دادوەری عێراقی و یاسای سزاکانی ، بابەتێکی تازەیە و دادوەرانی عێراق هەمان ئەو شارەزاییەیان نییە، کە دادوەرە نێودەوڵەتییەکان هەیانە.

راشیگەیاند، قەربووکردنەوەی قوربانییەکان پێویستە هەمەلایەنە بێت بۆ هەموو پێکهاتە نەتەوەیی وئاینییەکانی عێراق و کوردستان بێت، حکومەتی هەرێم داوای قەرەبووکردنەوە تەنیا بۆ قوربانیانی کورد ناکات، چونکە بنەمای پێکەوە ژیانی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکانی کوردستان، بابەتێکە ئێمە شانازی پێوە دەکەین و لە کوردستاندا مێژوویەکی دێرینی هەیە، هەربۆیە کاتێک باسی وەرگرتنی مافی گەلی کوردستان دەکەین، باسی مافی کریستیان و ئێزیدی ونەتەوەکانی دیکەی کوردستانیش دەکرێ.

وەزیری داد سوپاسی هەوڵ وماندووبوونی تیمی یونیتادی کرد وئامادەیی وەزارەتی دادی بۆ هەموو هاریکارییەکی تیمە کە و سەرخستنی کارەکانیانی دەربڕی و دڵنیایی کردنەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاریکار و یارمەتیدەری تیمی یونیتادە و سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم، ماندووبوونی کەریم خان وتیمەکەی وکارو چالاکییەکانیان بەبەرزی دەنرخێنن، بەتایبەتی پەیوەندییەکانیان و هەماهەنگییان لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و دەزگاکانیدا.


لەلای خۆیەوە سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکانی داعش، سوپاسی هاوکارییەکانی وەزارەتی داد و وەزارەت و لایەنە تایبەتمەندەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و، دووپاتی لەوە کردەوە کە ئامانجی ئەوان گەیاندنی تاوانبارانە بۆ بەردەم دادگا بە باشترین و دروست ترین شێواز، و دروست کردنی گوونجاندنێکە لە نێوان بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی دادگاییەکردنەکە.