Skip to the content

وەزیری داد پێشوازی لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ یەک شەممە 2021/2/21 وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فرسەت ئەحمەد لە دیوانی وەزارەتی داد پێشوازی کرد لە د.هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شاندێکی یاوەری کە لە ژمارەیەک ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان پێک هاتبوو .

لە کۆبوونەوەیەکدا کە دادوەر/ عەبدولڕەحمان سیوەیللی، بەڕێوبەری گشتی داد، سەرۆکی لیژنەی یاسایی و سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و لیژنەی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەی بوون، وەزیری داد لەبارەی کۆمەڵێک بابەتی هاوبەشی نێوان وەزارەتی داد و پەرلەمانی کوردستان و لیژنە تایبەتمەندەکانی، روونکردنەوەی پێویستی خستە ڕوو .

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئامانجی سەردانەکەی خستەڕوو، کە بۆ هەماهەنگی کردنی زیاتر لە نێوان پەرلەمانی کوردستان و ژمارەیەک لە وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەو چوارچێوەیەدا لەبارەی جێبە جێ کردنی بڕگەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم و ئەوانەی کە بەوەزارەتی دادەوە پەیوەستن و سەبارەت بە پێداویستی وەزارەتی داد بۆ یاسادانان و دەرکردنی یاسای نوێ و یان هەموارکردنەوەیان، ئامادەیی و هاوکاریی وهەماهەنگی خۆیانی وەکو پەرلەمانی کوردستان خستەڕوو، سەرۆکی لیژنەکانیش هەریەکەیان بەپێی تایبەتمەندی لیژنەکانیان پرسایریان ئاڕاستەی وەزیری داد کرد .

وەزیری داد لە وتەیەکدا روونکردنەوەی پێویستی پێشکەش کردن و ئاماژەی بە هەنگاوە کانی وەزارەتی داد کرد کە لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا دراوون و دووپاتی لەوە کردەوە کە وەزارەتی داد سەرقاڵی دەرکردنی گۆڤارێکی زانستی یە بە ناوی" گرێبەستی کۆمەڵایەتی" کە ئەرکی سەرەکی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستییە، پاش ئەوەی (20) راوێژکاری گۆڤارەکە هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەکان دەکەن، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە یەکەی یەکسانی جێندەری و مافەکانی مرۆڤ لە وەزارەتی داد کراوەتەەوەو فەرمانبەرانی تایبەتمەند کاری تیادا دەکەن، هەروەها ئاماژەی بە کاری بەردەوامی ئەنجومەنی شوورا کرد .

هەرلەوچوارچێوەیەدا، فرسەت ئەحمەد وەزیری داد، ئاماژەی بۆ کێشەکانی بەردەم لیژنەی قانوونی ئەنجومەنی وەزیران کرد و بە پێی پرسیاری ئەندامانی پەرلەمان، رونکردنەوەی لەسەر مەسەلەی زێدەڕۆی سەر زەویوزارەکان دا و دووپاتی لەوەکردەوە کە "ئەگەر رێگە لە دەستدرێژی نوێ بۆسەر زەوییە گشتییەکان نەگرین، چۆن دەتوانین کێشەی (تەجاوزات) چارەسەر بکەیین" سەبارەت بە کارکردنی کۆمەڵە هەرەوەزییەکانیش لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک و راوەستانی کارەکانی لە سنوری پارێزگای هەولێر، وەزیری داد رایگەیاند کە " راگرتنی کارەکانی کۆمەڵەی هەرەوەزی لە پارێزگای هەولێر بە بڕیارێک بووە کە تەنیا بۆ هەولێر دەرچووە نەکو بۆ هەموو پارێزگاکان، بەڵام ئەوانەی سلێمانی و دهۆک کەس داوای راگرتنیانی نەکردووە بۆیە بریاری راگرتنیان بۆ دەرنەچووە" .