بەشداریکردنی وەزارەتی داد لە وۆرک شۆپێکی تایبەت بە رەهەندی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی مافەکانی مرۆڤ
هەولير، هەرێمی کوردستان، عێراق، (GOV.KRD)- لە رۆژانی 25 تا 27 ی کانونی دووەم/ یەنایری 2021 لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بۆ ناساندنی رەهەندە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی مافەکانی مرۆڤ و چۆنێتی جێبەجێکردن و میکانیزمی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و رۆڵی حکومەت و دامەزراوەکانی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەو بوارەدا، وۆرک شۆپێک بەڕێوەدەچێت و نوێنەری وەزارەتی دادی فیدراڵی و وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی ژمارەیەک لە وەزارەتەکانی دیکە و دامەزاوە فەرمی و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان تیایدا بەشدارن و لەلایەن دکتۆر محەمەد ترکی عوبیدی . بەڕێوبەری فەرمانگەی مافەکانی مرۆڤ لە وەزارەتی دادی عێراقیەوە، وۆرک شۆپەکە بەڕێوە دەبرێت.
وۆرک شۆپەکە بەسەرپەرشتی وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵی عیراق و نووسینگەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی (پاو)بەڕێوە دەچێت. کە تەوەری سەرەکی بریتی بوو لە وتووێژکردن لەبارەی راپۆرتی تایبەت بە نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیی و رێکخەرانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە ماوەی ئەو سێ رۆژەدا ئەم بابەتانەی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ یش، باسیان لێوەکراو بوونە جێی باسوخواس و راگۆڕینەوە: پێناسەی مافەکانی مرۆڤ، تایبەتمەندییەکانی و تایبەتمەندی هەریەک لە نەوە جیاجیاکانی مافەکانی مرۆڤ و دامەزراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی ناوخۆیی دەوڵەتەکان، هەروەها دامەزراوەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و میکانیزمەکانی دەرکردنی پەیماننامە و رێککەوتننامەکانی مافەکانی مرۆڤ و ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ و دەسەلاتەکانی و چۆنێتی داڕشتن و نوسینەوەی راپۆرتەکان و میکانیزمەکانی پێشکەشکردنی سکاڵا و پەسەندکردنی و داڕشتنی پلانی نیشتیمانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ و گەڕان بە دوای ونبووەکاندا و چۆنێتی قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان.
لە یەکەم رۆژی دیدارەکەدا، دکتۆر دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نیودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە وتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگی تەوەرەکانی ۆرک شۆپەکە کرد و دووپاتی لەسەر کاریگەری راپۆرتەکانی نووسینگەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی فیدراڵی و بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیش کردەوە، و رۆڵی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی بەرزنرخاند کە لە بۆردی هەماهەنگییدا ئەندامن و رایگەیاند کە : " عێراق بەو پێیەی یەکێکە لە دەوڵەتە دامەزرێنەرەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی لەسەرشانە، هەرێمی کوردستانیش کە بەشێکە لە عێراق لەرێگەی دەستووری عێراقەوە، بەشێک لەو بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەی دەکەوێتە سەرشان، بەهەمان شێوە بەشێک لە سەروەرێتی عێراق وەکو دەوڵەت بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە، هەربۆیە بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە پیادەکردنی هێماکان و دەسەڵاتەکانی سیادە، رەهەندێکی نێودەوڵەتی بە هەرێمی کوردستان دەدات و رێگەی بۆ خۆش دەکات لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا ئامادەیی و بەشداریکردنی هەبێت و رۆڵی بەرزبنرخێنرێت ".
نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک لە ئەرکە سەرەکییەکانی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکانە کە لە بارەی بابەتە یاسایی و کارگێڕییەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکرێت، ئەویش لەرێگەی تۆڕی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمەش کارێکی گرنگە، چونکە هەندێک لەو راپۆرتە نیودەوڵەتیانە هەندێک جار بەهۆی وەرگرتنی زانیاریی نافەرمیەوە، دووچاری هەڵە و بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە دەبنـەوە، بەلام راپۆرتەکانی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بە داتا و بە ژمارە و بە بەڵگەی فەرمییەوە، راستی و دروستی حاڵەتەکان و بابەتەکان بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان رۆشن دەکاتەوە . بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە و وەزارەتە تایبەتمەندەکانی حکومەتی فیدراڵی بەغدا.
بڕیارە سبەینێ 27ی کانوونی دووەمی 2021، لە کۆتا رۆژی ۆرک شۆپەکەدا، بڕوانامەی بەشداریکردن بەسەر بەشداربوواندا دابەش بکرێت.