وەزارەتی داد ژمارەیەک سەرپەرشتیاری دادیی دامەزراند
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی 2021/7/12، لەبەردەم وەزیری داد، فرسەت ئەحمەد، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی، بریکاری وەزارەتی داد، شیلان عارف، و تەواوی سەرۆک و بەڕێوهبەرانی گشتی دەزگە و فەرمانگەکانی سەربە وەزارەتی داد، حەوت سەرپەرشتیاری دادی، سوێندی یاساییان خوارد، کە سێیان بۆ هەولێر دەبێت و سێیان بۆ سلێمانی دانراوە و یەکێکیشیان بۆ دهۆکە .
لەڕێوڕەسمەکەدا وەزیری داد، فرسەت ئەحمەد، لە وتەیەکدا دووپاتی لە گرنگی و هەستیاریی کار و ئەرکی سەرپەرشتیارانی دادیی کردەوە و هیوای خواست کە ئەو متمانەی پێیان دراوە بیپارێزن و دووپاتی کردەوە کە: " هیچ کەس لە ئێوە بە (واستە) نەبۆتە سەرپەرشتیاری دادیی، بەڵکو ئەزموون و رابردووی وەزیفی خۆتان و ئاستی خزمەتکردنتان لە بهڕێوهبهرایهتییهكان و مامەڵەتان لەگەڵ هاووڵاتیان کراونەتە بنەما بۆ وەرگرتنی ئێوە، نە ئینتیمای حزبایەتی و نە بیروباوەڕی سیاسی، لە دانانی ئێوەدا هیچ رۆڵێکیان نەبووە، هەربۆیە رێزگرتنتان لە یاساکان و پابەندبوونتان بەو سوێندەی خواردووتانە، لە هەموو شتێکی تر گرنگترە" .
وەزیری داد باسی گرنگی راپۆرتەکانی سەرپەرشتیاریی دادیی کرد و ڕایگەیاند کە " راپۆرتی سەرپەرشتیارانی دادیی، بنەمایە بۆ هەڵسەنگاندنی توانست و کاری فەرمانبەران و ئاستی فەرمانگە و دائیرەکان بەدەردەخات، هەڵسەنگاندنی کارو چالاکی فەرمانبەرانی دەزگاکان لەلایەن ئێوەوە زۆر گرنگە"
وەزیری داد، هەروەها پێی گوتن کە " گرنگە ئێوە لە بواری دادنووسی و تاپۆ و جێبەجێکردن و کاروباری ناکامانیشدا، زانیاری خۆتان زیاتر بکەن و باشتر خزمەتی هاووڵاتیان بکەن"، بەڵام بەتایبەت داوای لێکردن گرنگی زیاتر بەو کەموکوڕیانە بدەن کە لە فەرمانگەکانی جێبەجێکردندا هەنە، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بکەین " .
جێی ئاماژهیه سەرۆکایەتی سەرپەرشتیاری دادیی لە هەرێمی کوردستان یەک لە پێکهاتە سەرەکییەکانی وەزارەتی دادە و بە پێی یاسای ژمارە (124)ی ساڵی 1979 – یاسای دەستەی سەرپەرشتیاری دادیی کارەکانی دەکات، لە کار و ئەرکە سەرەکییەکانی : چاودێریی و سەرپەرشتیکردنی کارو چالاکییەکانی داواکاری گشتی و بەڕێوهبەرایەتی گشتی تۆمارکردنی خانوبەرە و بەڕێوهبەرایەتی گشتیی فەرمانگەکانی دادە .
شایەنی باسە لە ناو حەوت سەرپەرشتیارانی نوێی دادی کە ئەمڕۆ دانران دووانیان ئافرەتن : ١-ئاراس عەبدولخاڵق عەبدولحەمید،٢- لانە مەسعود محەمەد سەعید،٣-جەلیل حەمەزیاد ئەحمەد،٤- نیدار محەمەد مەهدی موفتی،٥- سەروەر عەبدولعەزیز نوری،٦-ستار عەلی ئسیماعیل،٧-قوباد قوربانی عەلی.