Skip to the content

تەواوی ژمارەکانی رۆژنامەی وەقایعی عێراقی بۆ وەزارەتی داد نێردرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 2021/6/15،  له‌ دیوانى وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نزیکەی ٥٠٠٠ فایلی ڕۆژنامەی "وەقایعی عێراقی " کە ڕۆژنامەی فەرمی کۆماری عێراقی فیدراڵییە، لە وەزارەتی دادیی فیدراڵی بەدەست گەیشت، ئەوەش لە چوارچێوەی هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دادیی فیدراڵی عێراقدا.

  لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژی ٢٦-٧-٢٠٢١ بریکاری وەزارەتی داد، شیلان عارف، لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئایتی و ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی داد، تەواوی ژمارەکانی وەقایعی عێراقی لە ساڵی ١٩٥٨ەوە تا دوا ژمارەی ڕۆژنامەکەی پێشکەش کردن و داواشی کرد کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی داد دابنرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان و پارێزەران و مافناسان و یاساناسان و توێژەر و هەموو ئەوانەی بایەخ بە یاسا و دادوەریی دەدەن راستەوخۆ کەڵکی لێ وەربگرن .    
شیلان عارف ، بریکاری وەزارەتی داد لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی وەزارەتی داد ڕایگەیاند:" هەرێمی كوردستان لەڕووی دەستووریەوە بەشێكە لەعێراق و پابەندە پێوەی , زۆربەی ئەو یاساو رێسایانەی كە لەهەرێمی كوردستانیش پیادە دەكرێن هەمان ئەو یاسا كۆنانەن كە لەعێراق دەرچووێندراون , ئینجا هەندێكیان وەك خۆی و هەندێكیشیان گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووەو هەمواركراونەتەوە یان هەندێکیشیان "ئیلغاکراونەتەوە" بەتایبەت ئەوانەی کە پێچەوانەی مافەکانی خەڵکی کوردستان بوون، چ لە لایەن یاسادانەرانی عێراق یان لەلایەن یاسادانەرانی هەرێمی كوردستانەوە، بۆیە زۆرجار لەهەرێمی كوردستان كێشە و گرفت بۆ یاساناس و دادگاكانیش دروست دەبوو بەوەی زۆرێك لە و یاسایانە بەئاسانی بەردەست نەدەكەوتن"   

لەبارەی چۆنێتی وەرگرتن و گرنگی بڵاوکردنەوەی ئەو پێنج هەزار فایلەی رۆژنامەی "وەقایعی عێراقی" ، بریکاری وەزارەتی داد گوتی:  " ئیشەکە لەمیانەی هەماهەنگی و پەیوەندیەكانی نێوان وەزارەتی دادی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دادی هەرێمی كوردستان هاتووە، کە توانیمان تەواوی ژمارەكانی وەقایعی عێراقی  لە ژمارە (١) كە لە  ٢٣-٧-١٩٥٨ )  دەرچووە  تادوا ژمارەی كە لە  ( ٢٦   / ٧   / ٢٠٢١  ) دەرچووە و نزیکەی پێنج هەزار ژمارە دەبێت.  بگاتە دەستمان و بڕیارمانداوە لەڕێگەی لینكێکەوە لە ماڵپەڕی وەزارەتی داد دایدەنێن بۆ ئەوەی یاساناسان یا هەركەسێك دەتوانێت بەئاسانی بگاتە یاساكان و سوودی لێوەرگرن، بەنیازیشین  هەموو ژمارەكان لەچەند بەرگێكدا چاپ بكەینەوە و لەكتێبخانەی وەزارەتی داد دایبنێین تا سەردانیکاران بتوانن لێرە کەڵکی لێوەربگرن" . 
 دەتوانن لەرێگەی ئەم لینکەوە تەواوی ژمارەکانی ڕۆژنامەی "وەقایعی عێراقی" ببینن :