Skip to the content

ناوەندی توێژینەوەی وەزارەتی داد دووەمین کۆنفرانسی زانستیی بە ( ئۆنلاین ) بەڕێوە دەبات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ژێر دروشمی " مافی پزیشکان و ئەرکەکانیان لە تەرازووی داد، و لە واقیعی ئەزموونی پەتای کۆڕۆناوە"، بە چاودێریی، (فرسەت ئەحمەد عەبدووڵا) وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی (دووشەممە/٢٨ی ئادار/ مارسی ٢٠٢٢)، ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دووەمین کۆنفرانسی زانستیی بە ( ئۆنلاین ) ساز دەکات. 
لە کۆنفرانسەکەدا خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ئەم بابەتانە دەکرێت : مافی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ئەرکەکانیان، و گێڕانەوەی باڵانس بۆ پەیوەندیەکانیان بە نەخۆشەکانەوە، تاوتوێکردنی ئەو دەرهاویشتانەی کە ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا دروستیان کردووە، پێداویستییەکانی کەرتی تەندروستی لەو قۆناغەدا، لە دیدی یاسایی و مافەکانەوە. 
ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد، بیرۆكه‌ی سازکردنی کۆنگرەکەی بەو تەوەرانەی کە تایبەتە بە کەرتی تەندروستی لەسەردەمی کۆڕۆنا، بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە : 
" ئەو ڕێکارە تەندروستییانەی ساڵی ٢٠٢٠- ٢٠٢١ بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڕۆنا گیرابوونە بەر، لەبارەی لایەنی یاسایی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیەوە، کۆمەڵێک پرسیاری نوێی تایبەت بە ڕەوشی یاسایی ئەوان هێناوەتەکایەوە، ئەوان کە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگری کردنن لە سەلامەتی کۆمەڵگە، ئەوەش لەکاتێکدا کە یاسا دانراوەکان (تەشریعاتەکان) ئەو بنەمایانەیان تیادا نییە کە چارەسەری ئەو حاڵەتە پێویستیانە بکەن کە پەتاکە بەرهەمی هێناوە، واقیعی حاڵ و ئەزموونەکان پرسگەلێکی زۆریان لەبارەی هاوسەنگیی نێوان ئەرک و مافی پزیشکان دروستكردووه‌، یان زۆرجار لەوانەیە مافی نەخۆشیش وەکو پێویست نەدرابێت، و لەلایەنی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیشەوە کەموکوڕی هەبێت بەرامبەر بە نەخۆش، یان زۆرجار نەخۆش و پزیشکانیش لە هەندێک ئەرک و مافەکانیان ئاگادار نەبن. پەتای کۆڕۆنا سەرنجی زۆرمانی بۆلای کۆمەڵێک ڕێکار و ڕێوشوێن ڕاکێشاوە کە پێشتر لەبەرچاو نەگیرابوو، کە پێویستە لە ڕێگەی ئەو کۆنفرانسەوە تیشکی بخرێتەسەر، کە ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد ئومێدەوارە زۆرترین توێژەرانی یاسا و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی تیایدا بەشداربن، بۆ ئەوەی ڕەوشی حاڵ و هزرەکانی یاساناسان بەیەک بگەن و ببێتە هۆی گەڵاڵەکردنی کۆمەڵێک ڕاسپاردە و پێشنیاز کە بتوانن خزمەتێکی زیاتری کەرتی تەندروستی و پزیشکی بکەن و ببێتە مایەی بڵاوبوونەوەی هۆشیاریی یاسایی لەناو ئەو کەرتە گرنگەی کۆمەڵگەدا ". 
شایەنی باسە تا ڕۆژی ١/٢/٢٠٢٢ توێژینەوە و بابەتەکان وەردەگیرێن، ڕۆژی ١٥/٢/٢٠٢٢  توێژینەوەکان  په‌سه‌ند دەكرێن، تا ڕۆژی ١٠/٣/٢٠٢٢، هەموو توێژینەوە و بەشداریکردنەکان یەکلایی دەکرێنەوە. توێژینەوە پەسەندکراوەکان لە ژمارەیەکی تایبەتی گۆڤاری " گرێبەستی کۆمەڵایەتی" گۆڤاری ناوەندی توێژینەوەی وەزارەتی داد، بڵاو دەکرێتەوە .   
دەتوانن توێژینەوەکانتان بۆ ئیمه‌یڵه‌کانی سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانس بنێرن: 
Pro.alahmed@gmail.com 
Prof.alahmed@clr.gov.krd 
www.clr.gov.krd

 

بروشور المؤتمر الطبي

Medical conference brochure