Skip to the content

وەزارەتی داد کار بۆ زیاتر پێشخستنی دەزگاکانیی وسەروەریی یاسا دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- چۆنێتی پێشخستنی دەزگاکانی وەزارەتی داد و کەڵک وەرگرتن لە شارەزایانی ئەڵمانی لە بواری یاسا و دابینکردن و وەرگێڕانی یاساکانی تایبەت بە هەرێمە فیدراڵییەکانی ئەڵمانیا و بەرزکردنەوەی ئاستی فەرمانبەرانی یاسایی لەبواری لێکۆڵینەوەدا، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی  فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادیی هەرێمی کوردستان و شاندێکی ئەڵمانیای فیدراڵ بوو، کە رۆژی (٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١) لە دیوانی وەزارەتی داد بەڕێوەچوو.  
شاندەکە پێک هاتبوو لە کلێمنس زێمتنەر، قۆنسۆڵی گشتی ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان و فیلیپ بریمەر، بەڕێوبەری دامەزراوەی کۆنراد – ئەدناوەری ئەڵمانی تایبەت بە سەروەری یاسا. 
ئامانجی سەردانەکە  تاوتوێ کردنی ئەو رێگە و شێوازانە بوو کە رێکخراوە ئەڵمانیەکە بتوانێت هاوکاری وەزارەتی داد بکات، لە کردنەوەی وۆرکشۆپ و خولی مەشقپێدان لە بوارەکانی سەروەریی یاسا و لێکۆڵینەوە و وەرگێرانی یاسا فیداراڵییەکانی ئەڵمانیا. لەو بارەیەوە کۆمەڵێک راوبۆچوون و پێشنیاز بۆ داهاتوو خرایەڕوو.  
لەو چوارچێوەیەدا فرسەت ئەحمەد، وەزیری داد لە وتەیەکیدا دووپاتی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە بواری سەروەری یاسادا هەنگاوی گرنگی هاویشتووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە چاو وڵاتانی ئەوروپی وەکو ئەڵمانیا، هێشتا ئەزمونێکی کورتمان هەیە، هەر بۆیە پێویستیمان بە شارەزایی و هاوکاری جیهانی و نیودەوڵەتی و شارەزابوون لە یاساکانی دەوڵەتانی پێشکەوتوو هەیە، وەزیری داد گوتی" ئامانجی وەزارەتی داد دادپەروەریی و سەروەریی یاسایە، بەڵام سەروەریی یاسا، پێویستی بە رۆشنبیری یاسایی هەیە، هەر بۆیە ئێمە لە وەزارەتی داد ناوەندی توێژینەوەی یاساییمان دامەزراندووە، کە یەکێک لە ئامانجەکانی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی یاساییە، لە رێگەی دەرکردنی گۆڤارێک بەناوی"گرێبەستی کۆمەڵایەتی" و وەرگێرانی ئەو کتێبە یاساییە گرنگ و بەناوبانگانەی کە دەزانین بۆ پێشخستنی هەرێمە فیدراڵییەکەمان کەڵكی هەیە، ئەوەش لە رێگەی هەڵسەنگاندنی کۆمەڵێک شارەزایی قانوونی کوردستانی و بیانیییەوە" . 
وەزیری داد داوای لێکردن بە دابینکردنی رێبەری تەشریعاتی ئەڵمانی و کردنەوەی خول بۆ پەیمانگەی دادوەریی و ئامادەکردنی نامیلکەیەک لەبارەی چۆنێتی پێشخستنی لێکۆڵینەوەی یاسایی، هاوکاریی پەیمانگەی دادوەریی و وەزارەتی داد بکەن، سەبارەت بە پلانی داهاتوویی وەزارەتی دادیش رایگەیاند "وەزارەتی داد بە نیازە لەداهاتوودا پەیمانگەی قانوونی بەراوردکاریی"  پاش دیراسەتکردنی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە تایبەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا، دابمەزرێنێت کە خوێندن تیاییدا دوو ساڵ دەبێت و بەشداربووان بڕوانامەی دبلۆم وەردەگرن" . 
وەزیری داد راشیگەیاند "بایەخ بە یاسا فیدراڵییەکان و ئەزموونی وڵاتانی فیدراڵ دەدەین، چونکە هەرچەندە ئێمە بە ڕەزامەندی خۆمان شێوازی فیدراڵیمان لەگەڵ عێراق هەڵبژاردووە، بەڵام هیشتا عێراق قەوانینی فیدراڵی زۆر کەمە و هێشتا زۆربەیان بڕوایان بە فیدراڵی بوونی عێراق نییە، چونکە عەقڵییەتیان هێشتا هەر بڕاوی بە (مەرکەزییەت) هەیە".   
کلێمنس زێمتنەر، قۆنسۆڵی گشتی ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان لە وتەکانیدا سوپاسی روونکردنەوە و پێشنیازەکانی وەزیری دادی کرد و بە گرنگ وەسفی کردن و دووپاتی کردەوە کە ئەوان دەزانن گەلی کوردستان بە دەست دەسەڵاتدارانی پێشوەوە چەندە ئازاری چەشتووە و ئێستاش شاهیدی هەنگاوە گرنگەکانی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی  حکومەتی هەرێمی کوردستانن و ئەوان ئامادەن بۆ هەر هاوکاریی و پشتیوانییەک بۆ پێشخستنی بواری دادوەریی و دادیی و لێکۆڵینەوەی یاسایی و پەیمانگەی دادوەریی" . 
 فیلیپ بریمەر – بەڕێوبەری دامەزراوەی (کۆنراد – ئەدناوەر)ی ئەڵمانی تایبەت بە سەروەری یاساش رایگەیاند  "رێکخراوەکەیان ئامادەیە خولی شیاندن و وۆرک شۆپ بۆ دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی و یاساناسان و قوتابیانی پەیمانگای دادوەریش بکاتەوە و گفتیشی دا کە لیستی کۆمەڵیک یاسای ئەڵمانی ئامادە بکات و لە وەرگێڕانی هەندێکیاندا لەگەڵ ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد هەماهەنگی بکات" .