وەزارەتی داد یەکەمین کۆنگرەی زانستی بهڕێوه دهبات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ژێر دروشمی : “پەرەپێدانی دەزگاکانی وەزارەتی داد، ئاواتی هەموو مافپەروەرانە”، و بەسەرپەرشتی فەرسەت ئەحمەد عەبدوڵا، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە رۆژی دووشەمە 25/10/2021، یەکەمین کۆنگرەی زانستی، بە ئۆنلاین بەڕێوە دەبات ،مهبهست و ئامانجی ئهم كۆنگرهیه زیاترکردنی رۆڵی دادگای کارگێڕیی و پەرەپێدانی پێکهاتەکانێتی، باشترکردنی ئاستی زانستی و تەکنیکی (تەشریعاتە) یاسادانانەکانە، دامەزراندنی ئەو جۆرە دەستانەیە کە بتوانن خۆیان پارەدار بکەن، پاڵپشتی کردنی توێژینەوەی یاسایی بەتایبەت لێکۆڵینەوەی بەراوردکاریی و گەشەپێدانی وەزارەت و دامەزراندنی ژمارەیەک دەستەی نوێیە کە بتوانن پێگەی وەزارەت بەرزتر بکەنەوە .
له كۆنگرهكهدا ئهو تهوهرانهی دهخرێنهڕوو بریتین له:
١- پتەوکردنی متمانە بە دادوەریی کارگێڕیی.
٢- داڕشتنی ستراتیژی یاسایی.
٣- بابەتەکانی جێندەری و مافەکانی مرۆڤ.
٤- داواکاری گشتیی لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن(وەزارەتی داد) و دەسەڵاتی دادوەریی دا.
٥- نرخاندنی کاریی فەرمانگە دادییەکان (جێبەجێکردن و دادنووسەکان وتۆماری خانووبەرە) و ئاسۆی پەرەپێدانیان لە چاخی تەکنیکە نوێیەکاندا.
٦- دەستەبەرکردنی جۆرایەتی داڕشتنی یاسادانراوەکان (تەشریعات).
٧- گەشەپێدانی ئاستی راوێژکاریی یاسایی .
٨- گەیشتن بەکاروانی شێوازەکانی پاراستنی مافەکان .
٩- گەشەپێدانی ناوەندی توێژینەوە یاساییهكان، و لێکۆڵینەوەکانی یاسای بەراوردکاریی .
ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد، تا رۆژی 2021/8/10، پوختەی توێژینەوەو لێکۆڵینەکان بۆ کۆنگرە وەردەگرێت و لە 2021/8/20، پەسەندی ئەو توێژینەوانە دهكات کە دەتوانن بەشداری بکەن. بەگشتیی وەرگرتنی توێژینەوە و بەشداریکردنەکان بەتەواوەتی تا 2021/10/15 دەبێت .
ئەو توێژینەوانەشی کەلەلایەن کۆنگرەوە پەسەند دەکرێن و بە بڕیارو نرخاندنی زانستیدا تێدەپەڕن و سەرکەوتوو دەبن، دواتر لە ژمارەیەکی تایبەتی گۆڤاری " پەیمانی کۆمەڵایەتی" گۆڤاری زانستیی وەزارەتی داد، بڵاو دەکرێنەوە.