كونسوڵی شانشینی ئوردن سەردانی وەزارەتی دادی كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی 5ی10ی2021 لە سەردانێكی فەرمیدا فؤاد حازر صالح المجالی كونسوڵی شانشینی ئوردن سەردانی وەزارەتی دادی كرد و لە لایەن فرسهت ئهحمهد وەزیری داد پێشوازی لێكرا.
لە دیدارەكەدا وەزیری داد باسی بارودۆخی ئەمڕۆی كوردستانی کرد لە ڕووی پێشڤەچوونی دادپەروەری و دادگەری و سەروەری یاسا و هەروەها چەند پڕۆژەیەكی ئەنجامدراوی خستەڕوو لە بواری تشریع و ڕۆشنبیری یاسایی، لەوانە دامەزراندنی سەنتەری توێژینەوەی یاسایی كە سەنتەرێكی لێكۆڵینەوە و توێژینەوە و بڵاو كردنەوەی دیراساتی یاسایی و تەشریعییە کە لە چوارچێوەی گۆڤاری بەناو (العقد الاجتماعی) بە هەرسێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو دەبێتەوە.
هەوەها پڕۆژەكانی چاكسازی و سەروەری یاسا و ڕاستكردنەوەی یاساكان لە هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەبوون.
لەكۆتاییدا كونسوڵی شانشینی ئوردن ستایشی پێشڤەچوون و هێمنی و ئارامی هەرێمی كوردستانی كرد و هەماهەنگی و دۆستایەتی نێوان شانشینی ئوردن و هەرێمی كوردستانی بەرزی نرخاند. هەروەها كونسوڵی ئوردن جەختی كردەوە لەسەر هاوكاری و هەماهەنگی نێوان شانشینی ئوردن و هەرێمی کوردستان لە بواری پێشخستنی دادپەروەری و هەمواركردن و تهشریعكردنی یاساكان و پێشخستن و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.