کۆنگرەیەکی زانستی یاسایی لە وەزارەتی داد بەڕێوە دەچێت
وەزیری داد«دەمانەوێت وەزارەتی داد تەنیا خزمەتگوزاریی پێشکەش نەکات، بەڵکو لەپاڵ ئەوەدا، وەزارەتێکی خودان رێبازی هزریی یاساش بێت»
-ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد کۆنگرەکە بە ئۆنلاین بەڕێوە دەبات.
- سیازدە توێژینەوە لە چوار تەوەرو دانیشتندا تاوتوێ دەکرێت.
- «پەرەپێدانی دەزگا دادییەکان، ئاواتی هەموو مافپەروەرانە» دروشمی کۆنگرەکەیە.
هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەرلەبەیانی ڕۆژی٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ ،لە ژێر دروشمی «پەرەپێدانی دەزگا دادییەکان – ئاواتی هەموو مافپەروەرانە» و بەسەرپەرشتی وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرسەت ئەحمەد. یەکەمین کۆنگرەی زانستی یاسایی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی بە ئۆنلاین بەڕێوەچوو . کە بڕیارە سیانزە توێژینەوەی زانستیی تیادا پێشکەش بکرێت .
وەزیری دادی هەرێمی کوردستان بە وتەیەک دانیشتنەکانی کردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداکە ئامانج لە سازکردنی کۆنگرەکە بۆ پەرەپێدانی دەزگا و دامەزراوەکانی وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستانە و دووپاتی کردەوە کە : لە سۆنگەی سووربوون لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، وەزارەتی داد هەوڵ دەدات لەگەڵ کاروانی هەموو ئەو گەشەپێدانانە ڕێبکات کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ڕوو دەدەن. هەربۆیە لە هەوڵی پەرەپێدانی ئەرکەکانی وەزارەتدایە.
وەزیری داد ڕایگەیاند: دەمانەوێت وەزارەتی داد ببێتە وەزارەتێکی خاوەن ڕێبازی هزریی یاسایی و تەنیا وەکو وەزارەتێکی خزمەتگوزاریی نەمێنێتەوە. هەر لەو پێناوەدا بوو کە وەزارەت ناوەندی توێژینەوەی یاسایی دامەزراند، کە توانی یەکەمین گۆڤاری زانستی نێودەوڵەتی تۆکمە لە تەواوی عێراق بڵاو بکاتەوە کە گۆڤاری «گرێبەستی کۆمەڵایەتی »بوو،ئهم كۆنگرهیهش دەرەنجامی کاری ئەو ناوەندە ساوایەیە کە دەمانەوێت بیگەیەنینە ئاستێکی بەرزی زانستی بەتایبەتی لە بواری وەرگێڕانی کتێب و دەقی یاسایی و سازکردنی کۆنگرە و دیداری زانستی لە هەموو بوارەکانی یاسادا.
وەزیری داد دووپاتی کردەوە: بەوهیوایهین کۆنگرەكه کۆمەڵێ بڕیار و ڕاسپاردە و پێشنیاز گەڵاڵە بکات کە ببنە هۆی زیاتر پێشخستن و پەرەپێدانی کارەکانی وەزارەتی داد لە هەرێمی کوردستان، تا وەزارەت بتوانێت بە باشترین شێوە ئامانجەکانی بەدەست بهێنێت وبە باشترین شێوە خزمەتگوزاریی بە هاووڵاتیان پێشکەش بکات و مافی هاووڵاتیان بپارێزێت .
هەر لەو چوارچێوەیەدا دکتۆر محهمەد سلێمان ئەحمەد سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە لە وتەیەکدا ڕوونیکردەوە: زیاتر لە ٢٥ توێژینەوەی زانستی گەیشتە لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە، بەڵام پاش هەڵسەنگاندنێکی زانستی ورد تەنیا ١٣ توێژینەوە بۆ ئەم کۆنگرەیە هەڵبژێردرا کەلە چوار تەوەریی دیالۆگیدا پێشکەشە کرا:یەکەم: وەزارەتی داد و دەزگا دادییەکانی کە لەلایەن بریکاری وەزارەتی داد، شیلان عارف ،سەرۆکایەتی دانیشتنەکانی کرا ، تەوەری دووەم : بەناوی داواکاری گشتی بوو کە لەلایەن دادوەر ئازاد خۆشناو سەرۆکی داواکاری گشتی سەرۆکایەتی دانیشتنەکانی کرا ، تەوەری سێیەم: یاسادانان و دادگای کارگێڕی و ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستانە، کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای هەرێم دادوەر سەردار یاسین سەرۆكی ئەنجوومەنی شوورا سەرۆکایەتی دەکرێت ، تەوەری چوارهم: ناوەندی توێژینەوە و ناوبژیوانی و لێکۆڵینەوە بەراوردکارییەکانە،کەلەلایەن بەڕێوهبەری گشتیی تۆمارکردنی خانوبەرە لە هەرێـمی کوردستان دکتۆر لوقمان عومەر سەرۆکایەتی دەکرێت.