Skip to the content

كونسوڵی گشتیی ئەمه‌ریکا سەردانی وەزارەتی دادی کرد

لەسەردانەكەیدا بۆ وەزارەتی داد كونسوڵی گشتیی ئەمریکا ستایشی رۆڵی مەسروور بارزانی لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان دەكات
 
ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق(GOV.KRD)- ڕۆژی 15ی ئەیلوولی 2021 كونسوڵی گشتیی ئەمه‌ریکا لە چوارچێوەی سەردانێكیدا بۆ وەزارەتی داد، ئاماژەی بە ڕۆڵی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دا لە زۆر بواردا بە تایبەتی لە بواری بنبڕکردن و نەھێشتنی بەکارھێنانی توندوتیژی دژی ئافرەتان، کە  خۆی لەسەر ئەو بابەتە دەوه‌ستێت و بەدواداچوونی بۆ دەکات،  ئەوەشی بە نموونەیەکی بەرزو باش لەقەڵەمدا كە دەری دەخات خەڵکی کوردستان و ئەمه‌ریکا بەھای ھاوبەشیان ھەیە، رۆبەرت پالەدینۆ زیاتر گوتی" ئەوەش زیاتر لەیەکمان نزیک دەخاتەوە" . 

پەیوەندی دۆستایەتی نێوان ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەك بابەتی پەیوەست بە ژیان و سیستمی داد و دادوەریی ھەرێمی کوردستان و پێکھاتەکانی وەزارەتی داد و ئەرک و کاریان و چۆنێتی بەڕێوەچوونی کارەکانیان باسی سەرەکی دیدار و کۆبوونەوەی وەزیری دادیی ھەرێمی کوردستان  فرسەت ئەحمەد و كونسوڵی گشتیی ئەمه‌ریکا لە ھەرێمی کوردستان ، رۆبەرت پالەدینۆ بوو. 

‎لەو دیدار و  کۆبوونەوەیەدا، وەزیری داد خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و دووپاتی لە دۆستایەتی و پەیوەندییە گرنگەکانی نێوان ئەمه‌ریکاو ھەرێمی کوردستان  کردەوەو ، ئەوەی بیرھێنایەوە کە خەڵکی کوردستان ھەمیشە ئەوەیان لەبیر ناچێت ئەمه‌ریکا بوو کە گەلی کوردستان و عێراقی لە دڕندەترین دیکتاتۆرییەت رزگار کرد ،ھەر بۆیە ئێستا دەگوترێت چیاکان و ئەمه‌ریکا دوو دۆستی نزیکی کوردستانن، ھەر بۆیە کوردستانیش ھەمیشە ناوچەیەکی ئارام بووە بۆ ئەمه‌ریکییەکان.

‎ دواتر لەبارەی پێکھاتەکانی وەزارەتی داد کورتەیەکی پێشکەش کردو دووپاتی لەوە کردەوە  دادگاکان سەربەخۆن و سەربە وەزارەتی داد نین و لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەریی ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشمان ھەیە، بەڵام دەست لەکاروباری یەکتری وەرنادەین چونکە ڕێز لە سەربەخۆیی قەزا دەگرین، ھەروەھا گوتی کە لە وەزارەتی داد تەنیا دادگای کارگێڕیمان ھەیە .  

‎لەبارەی دادگاکانی ھەرێمی کوردستانیشەوە وەزیری داد ڕایگەیاند: لە دادگاکانماندا ھەمان یاساکانی عێراقی بەکار دەھێنرێن، بە تایبەتی ھەمان یاسای سزاکانی عێراقی ژمارە١١١ساڵی ١٩٦٩ بەکار دەھێنرێت، بەڵام لە چاو دادگاکانی بەشەکانی دیکەی عێراقدا،  دادگاکانی ھەرێمی کوردستان سەربەخۆترن . لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا پێویستیان بە ھاوکاریی و پاڵپشتی جیھانی و نێودەوڵەتی ھەیە بۆ زیاتر بەرە وپیشچوونیان . 

‎ڕۆبەرت پالەدینۆ ،كونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان،  لەلای خۆیەوە خۆشاڵی خۆی بە دۆستایەتی نێوان وڵاتەکەی و ھەرێمی کوردستان  دەربڕی و لەو بارەوە گوتی:کە  دۆستایەتی نێوان کوردستان و ئەمه‌ریکا دۆستایەتیەکی ھەمیشەییە و خۆشاڵی خۆی بە ئاستی پێشکەوتن و بەرەو پێشچوونەکانی کوردستان لە ھەموو بوارەکان دەربڕیی و ستایشی ڕۆڵی کەسی وەزیری دادی کرد کە دەیان ساڵە لە ژیانی یاسادانان و سیستمی یاسایی و دادوەریی ھەرێمی کوردستاندا،  کاریگەر بووە و ڕۆڵی ھەبووە، ھەروەھا وتی « دەمانەوێت نیشانی ھەموو لایەکی بدەین کە ھەبوونی  ئەمه‌ریکا لە ھەرێـمی کوردستان فاکتەری سەقامگیریی و پێشەڤەچوونی ھەرێمە . یەک لە خواستەکانی ئێمەش ئەوه‌ی کە قەزا لە ھەرێمی کوردستان سەربەخۆ بێت و پێشکەوتوو بێت.دەشمانەوێت لەگەڵ وەزارەتی داد تواناکانمان پتەوتر بکەین بە تایبەتی لەبواری نەھێشتنی گەندەڵی و زیاتر سەربەخۆبوونی قەزائی. 

‎كونسوڵی گشتیی ئەمه‌ریکا ئاماژەی بە ڕۆڵی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دا لە زۆر بواردا بەتایبەتی لە بواری بنبڕکردن و نەھێشتنی بەکارھێنانی توندوتیژی دژی ئافرەتان. کە کەسی خۆی لەسەر ئەو بابەتە دەوه‌ستێت و بەدواداچوونی بۆ دەکات،  ئەمە نموونەیەکی بەرز و باشەو دەری دەخات کە خەڵکی کوردستان و ئەمه‌ریکا بەھای ھاوبەشیان ھەیە، و ئەوەش زیاتر لە یەکمان نزیک دەخاتەوە.

ھەروەھا سوپاسی وەزارەتی داد و وەزیری دادی کرد کە لەبارەی دانانی یاسای ژمارە ھەشتی ساڵی ٢٠١١ تایبەت بە نەھێشتینی بەکارھێنانی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەرھێنانی ئەو ماددانەی یاسای سزادانی عێراق کە ڕێخۆشکەر بوون بۆ کوشتنی ژنان لەسەر تاوانی سێکسی و سزای سووکیان بۆ بکوژان دەردەکرد بە بیانووی ئەوەی ناونرابوو تاوانی شەرەف.  شایەنی باسە لە کوردستان ئەو ماددانە لابران و لە عێراقیش تا ئێستا نەیانتوانیوە یاسای نەھێشتنی توندوتیژی دەربکەن.