تیمێکی شارەزایانیUNDP سەردانی وەزارەتی دادیان کرد
ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ( ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢١)، وەزیری دادی حكومهتی ھەرێمی کوردستان،فرسەت ئەحمەد، لەگەڵ ئەندریاس کیرشوود سەرۆکی تیمی شارەزایانی ڕێکخراوی ( UNDP ) لە بواری تاوانە داراییەکان و شاندێکی شارەزایانی ڕێکخراوەکە کۆبۆوە. ئامانج لە سەردان و کۆبوونەوەکە بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژەیەکیان بوو تایبەت بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک وۆرکشۆپی مەشقپێدان لە بواری تاوانە داراییەکاندا.
وەزیری داد، وێڕای سوپاسکردنیان بۆ ئەو پڕۆژەیە، لە وتەیەکیدا بواری تاوانە داراییەکانی بە یەکێک لە بوارە گرنگەکان لەقەڵەم داو بابەتی گەندەڵی دارایی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا شوبهاند و دووپاتی لەوە کردەوە کە بۆ لەناوبردنی پێویستیمان بە کاری دەستەجەمعی و هەماهەنگی و یارمەتی نێودەوڵەتی هەیە . وەزیری داد گوتی " گەندەڵی دارایی وەک ئەو کرمە وایە کە ئەگەر لە دارێک بدات و زوو چارەسەر نەکرێت، دارەکە لەناو دەبات و دەیکوژێت، تەواو وەکو ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەربۆیە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا تایبەتمەندەکانی تری هەرێمی کوردستان و دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێرییش، بەردەوامن بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و بۆ ئەم مەبەستەش یاسایەکی تایبەت بە چاکسازیی دەرچووە و بەردەوام پەرەی پێدەدرێت و کاری پێدەکرێت.
وەزیری داد، فرسەت ئەحمەد، دووپاتی لە هاوکاریی و پاڵپشتیکردنیان کردەوە و هیوای سەرکەوتنی پرۆژەکەی خواست و رایگەیاند: کە لە دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە وەزارەتی دادیش، فەرمانبەر و شارەزایی لێهاتوومان هەیە، بەڵام پێویستشمان بە شارەزایی و ئەزموونی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەبێت .
سەرۆکی تیمی شارەزایانی یوئێندیپی گوتی کە ئامانج لەو ۆر کشۆپانە تەنیا خستنەڕووی بابەتی تێوریی نابێت بەڵکو بۆ جێبەجێکردنی رێکاری پراکتیکیشە لەسەر دۆسییەی گەندەڵی دارایی لەوێدا دادوەران و ئەندامانی داواکاری گشتی و لێکۆڵەرەوەانی دادیی و وردبینیکاران و شیکاریکارانی داراییش تیایدا بەشداردەبن و مەشق لەسەر قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و رێکارەکانی دادگەریی دەکەن.
ئەندامانی شاندەکە روونیان کردەوە کە ئەو ۆرکشۆپانە هەندێکیان هاوبەش دەبێت کە بڕیارە دادوەران وئەندامانی داواکاری گشتی و ونوێنەرانی قانوونی و دارایی دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان تیایدا بەشداری بکەن، و ئەوانیتریش فێرکاریی و ئاڕاستەکردن دەبن، و تیایدا بەشدارابوانی خولەکانی پێشوو لەگەڵ فەرمانبەرانی دەزگا فەرمیەکان بەشداردەبن و ئەزموون و زانیارییەکانیان لەگەڵدا دەگۆڕنەوە.