لە بەغدا، بریکاری وەزارەتی داد بەشداریی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی کرد و زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەشی ئەنجامدا
ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)-, بە نوێنەرایەتی وەزیری دادی ھەرێمی کوردستان، لە ڕۆژانی ١٥ و١٦ی ئەم مانگەدا، بریکاری وەزارەتی داد، شیلان عارف، بەشداریی کرد لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی لەبارەی گێڕانەوەی سامانە بەتاڵان براوەکان بۆ دەرەوە، (استرداد الاموال المنھوبە) .
کۆنگرەکە ماوەی دوو ڕۆژی خایاند، ئەو پارە و پوول و سامانانەی کە بەتاڵان براونەتە دەرەوەی عێراق، باسی سەرەکی لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی کۆنگرەکە بوو،هەروەها چۆنێتی ڕێوشوێنەکانی بەدەستخستنەوەیان و کۆسپەکانی بەردەمی و ئامرازەکانی گێڕانەوەیان خرایە بەرباس و لێکۆڵینەوە.
کۆنگرەکە کە لەلایەن وەزارەتی دادی فیدراڵی و دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراقی و ڕێکخراوی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبیەوە ڕێکخرا بوو. لە هەرێمی کوردستانەوە، بە نوێنەرایەتی وەزیری دادی هەرێمی کوردستان، بریکاری وەزارەتی داد ، شیلان عارف و ، ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی و سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەموو وەزیرانی دادی وڵاتانی عەرەبی و دەیەها کەسایەتی دادوەریی و ئەکادیمی ناوخۆیی و دەرەکی تیاییدا بەشداربوون .
لە پەراوێزی یەکەمین ڕۆژی کۆنگرەکەدا لە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢١، بریکاری وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان و وەزیری دادی عێراقی، دادوەر/ سالار عەبدولستار محەمەد، و سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان و ئەندامی داواکاری گشتی ، محەمەد ڕێکانی لەگەڵ دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کۆبوونەوە .
له لایهكی دیكهوه شیلان عارف ، بریکاری وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی وەزیری دادی عێراقی، لەگەڵ وەزیری دادی کوەیتی کۆبووەوە، ئاستی بەڕێوبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی خانوبەرە لە وڵاتی کوەیت و چۆنێتی کەڵک وەرگرتن لە سیستمی تۆمارکردنی خانوبەرە لە کوەیت و هەماهەنگی و کەڵک وەرگرتنی دوولایەنە لە داهاتوودا بابەتی سەرەکی کۆبوونەوە و دانیشتنەکە بوو .