نەخشە ڕێگەیەک بۆ سیستهمی پاراستنی منداڵان دادهندرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی دانانی نەخشە ڕێگەیەک بۆ دانانی سیستهمی پاراستنی منداڵان و دابینکردنی دادپەروەریی بۆ نەوجەوانان لە هەرێمی کوردستان و عێراق ، ڕۆژی ٢٠ ی ئەیلوولی ٢٠٢١، فرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ ڕێکخراوی یونیسێف و نوێنەرانی ژمارەیەک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا .
لەو کۆبوونەوهیەدا کە بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەتی داد، شیلان عارف و کرمانج عوسمان ڕاوێژکاری وەزیری داد بۆکاروباری نێودەوڵەتی بەڕێوە چوو، نوێنەرانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستی و دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ و داواکاری گشتی ئامادەی بوون، یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەیەکی تایبەتمەندی هاوبەش بەڕێوەچوو کە لەداهاتوودا نوێنەرانی وەزارەتەکانی کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی پەروەردەش تیایدا ئامادە دەبن.
ئامانج لەو لیژنە هاوبەشەی نێوان وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم و ڕێكخراوی یونیسێف پاڵپشتی تەکنیکیە بۆ دانانی نەخشە ڕێگەیەک بۆ داڕشتنی هەڵسەنگاندنی ڕەوشی پاراستنی مافەکانی منداڵ و چۆنێتی پاراستن و دابینکردنی دادپەروەرییە بۆ نەوجەوانان، و دواتر دانانی ستراتیژێکی نیشتیمانی بۆ پاراستنی منداڵ.
فرسەت ئەحمەد وەزیری داد،سوپاسی ڕێکخراوی یونیسێفی کرد و پاڵپشتی و پشتیوانی وەزارەتی دادیی بۆسەرخستنی پلانەکە دەربڕی و داوای لێکردن پڕۆژەکانی یونیسێف لەگەڵ حکومەتدا بەردەوامیی هەبێت و لە قۆناغێکدا نەوەستێت ، چونکە گرنگ دانانی یاسا و پڕۆژە نییە بەڵکو ئەوەی گرنگە توانای جێبەجێکردن و میکانیزمی جێبەجێکردنە.
هەروەها وهزیری داد گوتی کە بایەخدان بە سەنتەرەکانی مەشقپێدانی منداڵان و زیاتر پێشخستنی چاکسازییەکان و گەشەپێدانیان زۆر گرنگە و پێویستە لەوێ منداڵ و نەوجەوانان دووربخرێنەوە لە توندوتیژی و فێری پیشەیەک بکرێن تا لە داهاتوودا ژیانی خۆیانی پێ دابین بکەن و داوای کرد یونیسێف لەوەدا هاوکار بێت.
وەزیری داد ههروهها ڕایگەیاند : ڕەوشی چاکسازییەکان باشە ، بەڵام پێویستیشیان بە گەشەپێدانی زیاتر هەیە، لەو چوارچێوەیەدا وەزیری داد سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ڕاسپاردووە کە مانگانە لەبارەی ڕەوشی چاکسازییەکانەوە، ڕاپۆرتی بدەنێ چونکە دەبێت چاکسازییەکان شوێنی ڕاستکردنەوەی سزادراوان بێت نەک خراپترکردنیان.
لەلای خۆیەوە شادان تاهیر نوێنەری ڕێکخراوی یونیسێف لەبارەی پڕۆژەکەیانەوە ڕایگەیاند کە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی «منداڵانی بێ سنوور »ئەو لایەنە نێودەوڵەتییەن کە لەگەڵ یونیسێفدا پشتیوانی پڕۆژەکەن ،ئەوان هەرێمی کوردستانیان هەڵبژارد بۆ دەستپێکردن و جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، چونکە ئامادەنەبوون لە شوێنەکانی دیکەی عێراقەوە دەست پێ بکەن، لەبەر ئەوەی لێرە ئارامی و ئاسایش و پێشکەوتن هەیە و ڕەوشەکە لەبارە، هەر بۆیە ئەم پڕۆژە نێودەوڵەتیە لە داهاتوودا لە کوردستانەوە بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق دەگوازرێتەوە، کە هەر چەندە دەبوو لە مانگی شوباتی ڕابردوودا، دەست پێبکات، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕێخراوەکە ئامادە نەبوو بچێتە شوێنەکانی دیکەی عێراق پلانەکە بۆ ئێستا دواخرا .
شادان تاهیر هەروەها گوتی کە هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارییەکی باشتری یونیسێف دەکات و بە پێی لێکۆڵینەوەکانی یونیسێف و منداڵانی بێ سنووریش ،هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردن و جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لەبارترە .