Skip to the content

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ڕۆژی سێشەممە رێکەوتی ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، کاتژمێر (١:٣٠)ی دوای نیوەڕۆ، هێزێک کە نزیکەی (٥٠) کەس بوون هەڵیانکوتایە سەر بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ و داوایان لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکە کرد کەوا هەموو دۆسیەکانی ناوچەی (قادر کەرەم) کەنزیکەی (٣٥٠ تا ٤٠٠) دۆسیەیە ڕادەستیان بکات بەبێ ئەوەی هیچ نووسراوێکی فەرمیان لەلایەن دادگا یان لایەنێکی فەرمی ڕێپیدراو پێ بێت.
دوای ئەوەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ناوبراو گوێڕایەلی داواکاریەکەیان نەبوو، هەستان بەشکاندنی قوفڵی ژووری دۆسییەکان و سەرجەم دۆسییەکانی موڵکەکانی(قادر کەرەم)یان بە دۆلابەکەوە برد، هەروەها دیسکی کامێرای بەڕێوەبەرایەتی ئاماژە پێکراویان بردووە.
ئێمە ئەم کردەوەیە بە شکاندنی سەروەری یاسا و زێدەڕەوی لەسەر هەیبەتی دامو دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزانین و پێشێلکردنێکی زەقە لەسەر بەڵگەنامە و دۆکیومێنتی خاوەندارێتی هاووڵاتیانی ناوچەکە، بۆیە بە توندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی ئەو دەستدرێژییە بۆ سەر فەرمانگەکانی حکومەت دەکەین کە پێچەوانەی یاسا و بەرژەوەندی گشتییە.
داواش لە سەرجەم لایەنە فەرمییەکان و دامودەزگای ئەمنی و ئاسایشی ناوچەکە و سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دەکەین، بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە ئاشکرا بکەن و رێکاری یاسایی پێویستیش بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە بە سزای خۆیان بگەن و ئەم دۆسییانە بگەڕێننەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ.

وەزارەتی داد
حکومەتی هەرێمی كوردستان
٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢