دادگای کارگێڕی لە پارێزگای دهۆک کرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە – ١٧ی شووباتی ٢٠٢٢، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دادگای کارگێڕی لە دهۆک کردەوە.
بە پێی بەیانی ژمارە ( ٣)ی ساڵی ٢٠٢٢ کە وەزیری داد، فەرسەت ئەحمەد، ڕۆژی ١٧/٢/٢٠٢٢ ئیمزای کردووە، بڕیاردرا بە کردنەوەی دادگای کارگێڕی لە پارێزگای دهۆک، بەیانەکە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی "وەقائیعی کوردستان" بڵاو دەکرێتەوە.
ماددەی (١٢/ یەکەمی ) یاسای ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستانی – عێراق، ژمارە (١٤)ی ساڵی ٢٠٠٨، دەسەڵاتی بە وەزیری داد داوە، کە لەبەر بەرژەوەندی گشتیدا و لە کاتی پێویستدا، لە سەنتەری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا، دادگای کارگێڕی دابمەزرێنێت .
دادگای کارگێڕی دادوەرێکی پۆلی یەکەم سەرۆکایەتی دەکات و ئەندامەکانیشی لە دوو دادوەر لە پۆلی دووەم یان سێیەم پێک دێت، یان بە ئەندامێتی دادوەرێك و ڕاوێژکارێک دەبێت.
لە سەنتەری هەرسێ پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک دادگای کارگێڕی هەیە و ئەرکەکانی دادگای کارگێڕی لە ماددەی (١٣)ی یاسای ئەنجوومەنی شوورادا باسکراون. کە یەکەمیان: سەیرکردنی ئەو فەرمان و بڕیارە کارگێڕیانەیە، کە لە فەرمانبەران و دەستەکانەوە لە فەرمانگەکانی هەرێمەوە دەردەچن، دووەم: تانە تایبەتەکان بە هەڵبژاردنی دەستە خۆجێییەکان یەکلای دەکاتەوە، سێیەم: ئەو داوایانە یەکلای دەکاتەوە کە دەستەکان و کەسەکان پێشکەشی دەکەن بۆ هەڵوەشانەوەی بڕیارە کارگێڕییە کۆتاییەکان، چوارەم: سەیرکردنی داواکانی ڕەگەزنامە، پێنجەم: سەیرکردنی داواکانی قەرەبووکردنەوە لەو زیانانەی کە لە ئەنجامی بڕیارە کارگێڕییەکانەوە بە نایاسایی دەرچوون . شەشەم: تانە لێدان لەو بڕیارە کۆتاییانەی کە لەلایەنە کارگێڕییەکانەوە دەرچوون لەبارەی کێشەکانی باج و رسوماتەوە، حەوتەم: تانە لێدان لە ڕەتکردنەوە یان کارنەکردنی فەرمانبەر یان دەستەی فەرمانگەکان و دەزگاکانی هەرێم لەبارەی دەرکردنی بڕیارێک یان فەرمانێک کە لە ڕووی یاساییەوە، پێویست بووە لەسەریان ئەنجامی بدەن.