دوو ژمارهی گۆڤاری "گرێبەستی کۆمەڵایەتی " چاپ دەکرێت .
هەولێر- هەرێمی کوردستان- عێراق، (GOV.KRD)(ناوەندی توێژینەوەی یاسایی) دوو ژمارە لە گۆڤاری " گرێبەستی کۆمەڵایەتی" چاپ دەکات، لە ژمارە (٢)یدا، شازدە لێکۆڵینەوەی زانستی یاسایی بە هەرسێ زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو دەکاتەوە و لە ژمارە (٣)یشیدا، یازدە توێژینەوەی زانستی یاسا لەخۆ دەگرێت،ژمارەیەکی بەرچاو لە یاساناسان و ئەکادیمییەکانی کوردستان و عێراق و دەوڵەتی ئیمارات، لەو دوو ژمارەی گۆڤارەکەدا بەشداریان کردووە .
لەبارەی پلانی ناوەندە زانستییەکەی وەزارەتی داد بۆ ساڵی ٢٠٢٢، بریارە لە (٢٨ی ئاداری ٢٠٢٢) دا ، دووەمین کۆنگرە بە ناونیشانی ( مافەکانی پزیشکان و ئەرکەکانیان لە تەرازووی دادیدا) بەڕێوە ببات، و لە پایزی هەمان ساڵیشدا کۆنگرەی زانستیی سێیەم ساز بکات، کە هێشتا ناونیشانی توێژینەوەکانی دەستنیشان نەکراوە.هەر لەم ساڵدا، دوو پانێلی (مێزی بازنەیی) ساز دەکرێت، یەکەمیان لەبارەی (قانوونی مەدەنی)ییەوە، و دووەمیان لە بارەی (قانوونی دەستوورییەوە)، هەروەها هەموو ئەو کتێبانە بە چاپ دەگەیەنێت کە ئەنجوومەنی ناوەندەکە بڕیاری چاپکردنیانی داوە،پلان دادەنێت بۆ وەرگێڕانی کۆمەڵێک کتێبی بیانی بۆ سەر زمانەکانی کوردی و عەرەبی. بڕیارە چاوخشاندنەوە بکات بە پەیکەربەندی وەزارەتی داد، بە تایبەت پاش ئەوەی کە وەزارەتی داد، (ناوەندی توێژینەوەی یاسایی) و (پەیمانگەی باڵای یاسای بەراوردکاریی) و (ناوەندی سازان و ناوبژیوانی و دادگەریی) دادەمەزرێنێت.
هەروەها ناوەندەکە، خەڵاتی (قەڵغانی ناوەندەکە) و بڕوانامەی سوپاس وپێزانینی بە دکتۆر، (ئومێد سەباح عوسمان)،بەخشی، لەپای پشتگیریی و ماندووبوونیان لەگەڵ ناوەندەکە و بۆ سەرخستنی گۆڤارەکەش .
هەر لە چوارچێوەی پلانەکانی دیکەی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد، هەوڵی گەشەپێدانی دەزگاکانی وەزارەت دەدرێت بە تایبەتی( ئەنجوومەنی شورا و دەزگای داواکاری گشتی و پەیمانگەی دادوەریی) .
هەموو ئەو گفتوگۆ و خستنەڕووی ئەو زانیاریانە، لە چوارچێوەی دووەمین کۆبوونەوەی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی هات کە لە ڕۆژی ١١ی یەنایری ئەمساڵ، بە سەرۆکایەتی وەزیری داد، فەرسەت ئەحمەد و بە ئامادەبوونی دکتۆر،محەمەد سلێمان سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی یاسایی و هەروەها بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری گرێبەستی کۆمەڵایەتی و ئەندامانی ئەنجوومەن و دەستەی گۆڤارەکە، بەڕێوەچوو بوو.
شایەنی باسە وەزارەتی داد لە کابینەی نۆیەمدا، (ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە وەزارەتی داد) دامەزراند و لە ماوەی ساڵی و ڕابردوودا توانی سێ ژمارەی گۆڤارەکە دەربکات و یەکەمین کۆنگرەی زانستی لە بارەی چۆنێتی گەشەپێدانی دەزگاکانی وەزارەتی دادی بە (ئۆنلاین) بەڕێوەبرد و کتێبێکی خوالێخۆشبووی شەهید ( دکتۆر بەدرخان عەبدولحەکیم ئیبراهیم بەناونیشانی ( پێوەری جیاکاری لە کاری دادگەریی) چاپ و بڵاو کردەوە و پلانی کاری ٢٠٢٢یشی داناوە.