شاندێکی باڵای داد و دادوەریی لوبنانی سەردانی وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستانی کرد
هەولێر – هەرێمی کوردستان – عێراق، (GOV.KRD)- ڕۆژی (٢٥ی یەنایەری ٢٠٢٢)، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرسەت ئەحمەد لە دیوانی وەزارەتی داد،بە ئامادەبوونی شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی داد، پێشوازی لە وەزیری دادی لوبنانی، هنری خوریی و ،دادوەر سوهەیل عەبوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لوبنانی و شاندێکی یاوەری کرد، کە پێکهاتبوو لە، باڵیۆز عەبدولڕەحمان ئەلسووڵح، یاریدەدەری ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی و، دکتۆر یوسف سەبعاوی ، و ڕاوێژکار ڕیاز ئەلسوڵح.
لە دانیشتنێکدا کە سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان، دادوەر ئازاد خۆشناو، و دادوەر عەبدولڕەحمان حەمەکەریم، بەڕێوەبەری گشتی داد، هەروەها سەرۆکی ئەنجوومەنی شورا، دادوەر سەردار یاسین، و دکتۆر لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتی تۆمارکردنی خانوبەرە لە هەرێمی کوردستان، و دادوەر هەڵمەت سامی جەبار، سەرۆکی سەرپەرشتیاری دادیی ئامادەی بوون، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان، سیستەمی داد و دادوەریی بوو لە هەریەک لە هەرێمی کوردستان و وڵاتی لوبنان.
لەو بارەیەوە فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی هەرێمی کوردستان، لە بارەی پێکهاتەی وەزارەتی دادەوە کورتەیەکی خستەڕوو، دووپاتی کردەوە کە لە هەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆیە، ئەمەش بەو مانایە نییە کە لە نێوان دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی دیکەی جێبەجێکردن و یاسادانان، دیوارێکی ئەستوور هەبێت، بە پێچەوانەوە، دەسەڵاتەکان دەست لە کاروباری یەکتری وەرنادەن، بەڵام پشتیوانی و پشتگیری و کاری هاوبەشیان لە نێواندا هەیە. وەزیری دادی هەرێمی کوردستان. ڕایگەیاند، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بەمانای دابڕاندنی دەسەڵاتەکان لە یەکتری نییە، کە ڕاستە لە ٢٠٠٧ەوە لە هەرێمی کوردستاندا، دەسەڵاتی دادوەریی و دادگاکان لە وەزارەتی داد جیابوونەتەوە و سەربەخۆن، ئەمەش بەو مانایەی کە دادوەران لە بڕیارداندا تەواو سەربەخۆن، بەڵام هەرسێ دەسەڵاتەکان پەیوەندیی یاساییان بەیەکەوە هەیە و لەیەک دابڕاونین و لەیەک نەپچڕاون .
وەزیری دادی لوبنانی و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی لوبنانیش لەلای خۆیانەوە، کورتەیەکیان لەسەر دەسەڵاتەکانی داد و دادوەریی لە لوبنان خستەڕوو، هەر لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بابەتی زانستی یاسایی و دادگەریی شەنوکەو کرا.