Skip to the content

بە پشت بەستن بە پرانسیپی شەفافێت، ئەنجومەنی شورای ھەرێمی كوردستان پێنج پۆست رادەگەیەنێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  1ـی ئاداری 2022.. ئەو پێنج پۆستەی كە ئەنجومەنی شوورا بە پشت بەستن بە پرانسیپی شەفافێت لەكاركردندا رایگەیاندووە بریتیین لە:  سێ پۆستی راوێژكار و دوو پۆستی راوێژكاری یاریدەدەر، كە پاڵپشت بەو فەرمانە كارگێڕییەیە كە سەرۆكی ئەنجومەنی شوورا لە رۆژی 28ی شوباتی 2022 واژۆی كردووە. 
بۆ ئەو مەبەستە ئەنجومەنی شوورا لە ئاگادارینامەیەكدا ئەو پێنج پۆستەی راگەیەندووە و داوای كردووە كە ئەو كەسانەی مەرجە یاساییەكانیان تیادایە، دەتوانن لە ماوەی نێوان 1/3/2022 تا 15/3/2022، سیڤی خۆیان پێشكەش بە (بەڕێوەبەرایەتی كارگێڕی و خۆیەتی ئەنجومەنی شوورا بكەن)، ئەوانەی وەردەگیرێن لە ئەنجومەنی شوورا بە شێوەی ھەمیشەیی وەكو راوێژكار، یان راوێژكاری یاریدەدەر، دادەمەزرێن .  
ئەنجومەنی شوورای ھەرێم لە ئاگادارینامەكەیدا، روونیكردووەتەوە كە ھەر بەڕێزێك دەتوانێت سیڤی پێشكەش بكات، ئەگەر ئەو مەرجە یاساییانەی تیادابێت كە لە مادەی ( 23 و 24)ی یاسای ئەنجومەنی شوورای ھەرێم/ ژمارە (14)ـی ساڵی (2008)دا ھاتوون. 
چاوپێكەوتنەكان بۆ وەرگرتن، لە رۆژی چوارشەمەی 30/3/2022 دەبێت و لە تەلاری وەزارەتی داد / ئەنجومەنی شوورا، لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت. 
ئەنجومەنی شوورا بەپشت بەستن بە فەرمانێكی ئەنجومەنی وەزیران / سەرۆكایەتی دیوان بە ژمارە (99) لە 16/1/2022 ، و نووسراوی وەزارەتی داد ژمارە (21) لە 22/2/2022 ، ئاگادارینامەكەی بڵاوكردووەتەوە، و بۆھەمان مەبەست لیژنەیەكی بۆ ھەڵسەنگاندنی سیڤییەكان و چاوپێكەوتنی داواكارانی دامەزراندن بۆ ئەو پێنج پۆستەی پێكھێناوە، لیژنەكە لە سەرۆكی ئەنجومەنی شوورا و جێگری سەرۆك و دوو ئەندام پێك ھاتوون، كە یەكێكیان راوێژكارێكی پێشكەوتووە و دووەمیان راوێژكارە.