Skip to the content

پەیمانگه‌ی دادوەری زیاتر پەرەی پێ دەدرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە، ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندێکی رێکخراوی یوئێندیپی کۆبووەوە، کە تایبەتمەند بوون بە پڕۆگرامی رێکخراوەکە بۆ پەرەپێدانی عێراق.

لە کۆبوونەوەکەدا کە شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی داد، دادوەر عوسمان یاسین، بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگەی دادوەریی هەرێمی کوردستان ئامادەیی بوون، پێشوازی لە دەرەنجامەکانی ئەو توێژینەوە زانستییە کرا، کە پڕۆفیسۆر و شارەزای نێودەوڵەتی د. وەسیم ئەلحەرب، لەبارەی پەیمانگەی دادوەریی هەرێمی کوردستان و واقعی دادوەری و دادگاکان لە هەرێمی کوردستان، ئامادەی کردبوو.

پڕۆگرامی رێکخراوەکە بۆ پێشخستنی دامەزراوە دادی و دادوەرییەکان تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکە بوو.
کە ئەو پڕۆگرامە بە ئامانجی پێشخستنی چوارچێوەی یاساییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تۆکمەترکردنی رێوشوێنی دادگاکان بۆ دۆسییە مەدەنی و بازرگانییەکان و پێشخستنی توانستە تەکنیکییەکانی ئەو بوارە.
هەموو ئەو هەوڵانەش بۆ بەدیهێنانی بەهێزکردنی شەفافییەت و لێپرسینەوە و دەستەبەرکردنی دادپەروەرییە.

هەروەها لەبەر رۆشنایی توێژینەوەکەی وەسیم ئەلحەرب، باسی چۆنیەتیی پیشخستنی پەیمانگەی دادوەری کرا، بەجۆرێک ئاستی بەشداربووانی خولەکانی پەیمانگەی دادوەری زیاتر بەرزبکرێتەوە بۆ زیاتر پێشخستنی مامۆستاکان و میتۆدی خوێندنیش لە پەیمانگەی دادوەری، کەڵک لە شێوازو تەکنیکی تازەگەریانە وەربگیرێت.
بۆ ئەوەی ئەوانەی لەداهاتوودا دەبنە دادوەر و ئەندامی داواکاری گشتی، بە ئاستێکی بەرزەوە لەو پەیمانگەیە بڕوانامە بەدەست بهێنن.


هەروەها باسی دابینکردنی توانستە لۆجستی و تاقیگە و توانا تەکنیکییەکان بۆ پەیمانگەی دادوەری کرا بە جۆرێک ئاستی قوتابیان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری جێبەجێ بکات.

وەزیری داد خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکە نیشان دا و بەبایەخەوە دەرەنجامی توێژینەوە زانستییەکەی وەرگرت و دەستخۆشی لێ کردن کە توانیویانە کەموکورتییەکانی پەیمانگەی دادوەری دەستنیشان بکەن، داواشی لێکردن هاوکاربن بۆ ئەوەی پەیمانگەی دادوەریی هەرێمی کوردستان ببێتە ئەندامی پەیمانگە و دامەزراوە هاوشێوەکانی، تا کەڵک لە توانا و ئەزموونی پەیمانگە دادوەرییەکانی وڵاتانی دی وەربگرێت.