وەزیری داد لە گەڵ شاندێکی شاری ناشڤێلی ئەمریکا کۆبووەوە
فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "سیستمی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و دەستەڵاتە دەستوورییەکانی، بەهێزترو فراوانترە، بە بەراورد لەگەڵ دەستەڵاتی هەرێمە فیدراڵییەکانی ئەمریکا، بەڵام گرفتی سەرەکیمان، ئەو ڕێگرییانەیە کە هەندێک عەقڵیەت لە بەغدا بۆمانی دروست دەکەن، کە هێشتا ڕژێمێکی ناوەندی بۆ عێراق دەخوازن، سەرباری ئەوەش، ھەرێمی كوردستان لە زۆر لایەنەوە گەشەی كردووە و دەستكەوت و شانازی بەرھەمھێناوە، یەک لە شانازییەکانی هەرێمەکەمان، سەقامگیری ئاسایشە".
ئەو قسانەی وەزیری داد لە میانی دیدارو کۆبوونەوەی بوو کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣، لەگەڵ شاندێکی شاری ناشڤێلی ئەمریکا، کە ئێستا بەمەبەستی ڕێکارەکانی بە دەستەخوشک کردنی هەولێر و ناشڤێل، لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانن.
وەزیری داد دووپاتی لە دۆستایەتی قوڵی نێوان گەلی کوردستان و ئەمریکا کردەوە و لە دانیشتنەکەشدا لەبارەی چەندین بابەتی یاسایی و چۆنییەتی یاسادانان و چارەنووسی پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە یاسایی و دەستوریی و دادگەرییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا و بریارەکانی دادگای فیدراڵی عێراقی و چۆنیەتی مامەڵەکردنی دەستووریانەی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەی پێویستی بۆخستنەڕوو.