سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە جێبەجێكردنی رێنماییەكانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئابووری دەكات
• لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، بڕیاردرا دارایی گشتی هەرێم بە ئاراستەی خزمەتكردنی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەكان رێكبخرێتەوە.
• پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەردەوام لە پێناو دابینكردنی شایستەی دارایی و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت.
مەسرور بارزانی:
• سوپاسی هەموو ئەو خاوەن موڵك و سەرمایەدارانە دەكەم كە ئامادەییان دەربڕیوە بۆ پێشكەشكردنی ئاسانكاریی پێویست بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/٣/١٧، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، و پلانی حكومەت بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی خەڵك لە خۆراك و دەرمان و سووتەمەنی و شمەكی ڕۆژانە و هەروەها دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان بە گشتی کرد.
لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێنماییە تەندروستییەکانیش، كۆبوونەوەكە لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە ئەنجامدرا.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك لە وەزیرەکان بەشدار بوون، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد و داواشی لێكردن كە بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتیی خۆیان بەردەوام بن لە هاوكاریی و پابەندبوون بە ڕێكار و ڕێنماییەكان.
هەروەها سوپاسی هەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتیشی كرد و رۆڵی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە و پزیشك و كارمەند و فەرمانبەرانی تەندروستی لە ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا بەرز نرخاند. هەروەها سوپاسی هەموو ئەو خاوەن موڵك و سەرمایەدارانەی كرد كە بە دەنگ بانگەوازی سەرۆكی حكومەتەوە هاتوون و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ پێشكەشكردنی ئاسانكاریی پێویست بۆ سووككردنی بارگرانی ئەو كەسانەی كە زەرەمەند بوون لە ئەنجامی جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و هەروەها پێشكەشكردنی هاوكاریی دارایی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا كە هەڵمەتی كۆكردنەوەی پیتاك و هاوكاریی دارایی هەڵمەتێكی نیشتمانی بێت و لە ژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی ئەنجومەنی وەزیران بێت و دواتر داهاتەكەی بە شێوەیەكی روون و دادپەروەرانە لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان لە پێناو پڕۆژەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا خەرج بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش، سەرجەم ئەو هەوڵانەی دەستپێكراون، لەم هەڵمەتە نیشتمانییەدا كۆدەكرێنەوە، هەروەها داواشی لە حكومەتی فيدراڵی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد لەمبارەیەوە هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری و ناوخۆ و كاروباری پێشمەرگە و دەزگای ئاسایش ڕاسپێردران لە نزیكترین دەرفەتدا میكانیزمی گونجاو بدۆزنەوە بۆ خەرجكردنی مووچە و بە تایبەتی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ بە مەرجێك ڕەچاوی رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بكرێت.
كۆبوونەوەكە جەختی لەوەش كردەوە كە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، دارایی گشتی ڕێكدەخرێتەوە بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی هاووڵاتییان و دابینكردنی بژێوییان و خەرجییە گشتییەكانیش كەم دەكرێنەوە، كە ئەمەش بەشێكە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
هەروەها بڕیاردرا كە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەردەوام بێت لە پێناو دابینكردنی شایستەی دارایی و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
هەر لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بەم زووانە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە نەوت و گاز ئەنجام بدرێت بە مەبەستی تاوتوێكردنی دەرفەتەكانی ڕێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكانی نەوت وگاز بە ڕەچاوكردنی بارودۆخی دارایی و لێکەوتە داراییە نەرێنییەکانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكان.
بەستەرە پەیوەندیدارەکان
ڤایرۆسی كۆرۆنا