سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات
• سەرجەم رێورەسمە ئاینییەکان لە (مزگەوت ، كڵێسا و پەرستگاکان ) بە گوتاری هەینی مزگەوتەکانیشەوە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەتا کاتێکی نادیار رادەگیرێت.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/٣/٤ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی دوایین رێکار و ئامادەکارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان کرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە لە سەر ئەوەی حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات و لە چوارچێوەی ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی، هەرچی پێویست بوو دەیکات بۆ پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان . لەمڕووەوە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا:
یەکەم: لە روانگەی ئەوەی پەیام و ئامانجی سەرەکی هەموو ئاینەکان، پاراستنی روح و جەستەی مرۆڤە، هەروەها بەهۆی تۆمارکردنی چەند کەیسێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی ، بۆیە دوای راگرتنی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندن و راگرتنی چالاکیی شوێن و سەنتەرەکانی گردبوونەوەی هاووڵاتیان، لەپێناوی خۆپارێزیی، بڕیاردرا سەرجەم رێورەسمە ئاینییەکان لە ( مزگەوت ، كڵێسا و پەرستگاکان ) بە گوتاری هەینی مزگەوتەکانیشەوە، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەتا کاتێکی نادیار رابگیرێت.
دووەم: جەختکردنەوە لە سەر بەردەوامیی دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی نەخۆشخانە و کەرەنتین و بنکەکانی دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستان.
سێیەم: رێوشوێنی پێویست و زیاتر بۆ سنووردارکردنی هاتووچۆ لە بنکە و بازگە و دەروازە سنوورییەکان بگیرێتەبەر بەبێ ئەوەی کار لە وەستانی جموجۆڵی بازرگانی بکات.
چوارەم: بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی ئەو زیانانەی کە بە هۆی رێکارەکانی خۆپارێزی بەر خاوەنی شوێنە بازرگانییەکان دەکەوێت، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە راسپاردنی وەزیرە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی پێویست لە رێگەی چاوخشاندنەوە بە کرێ و باجی داهاتی ئەو شوێنانە و بە ئاراستەی کەمکردنەوەیان بە جۆرێک رەچاوی زیانە داراییەکانیان بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندارەکان رێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەردەکەن.
پێنجەم: پێویستە لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارە تەندروستییەکان لە کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران بگرنەبەر . بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگی لە گەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان بکرێت.
بەستەرە پەیوەندیدارەکان
ڤایرۆسی كۆرۆنا