گوتارێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا
هاووڵاتییانی خۆشەویست :
ئەم کاتەتان باش
دەمەوێ لەم دەرفەتەدا راستەوخۆ باسی رێوشوێنەکانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناتان بۆ بکەم.
بەر لە هەر شتێک ، سوپاستان دەکەم بۆ پابەندبوونتان بەو رێنمایی و رێکارانەی لە چەند هەفتەی رابردوودا بۆ سەلامەتی ئێوەی بەڕێز گرتمانەبەر. پشتیوانیی و هەماهەنگی ئێوەی بەڕێز زۆر گرنگە بۆ سنووردارکردنی هەرچی زیاتری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە .
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی لێژنەی وەزاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەم،کە وێڕای هەوڵدانیان بۆ پاراستنی هاووڵاتیان، بەردەوامن لە دابینکردنی پێداویستیی رۆژانەی خەلک و کۆنترۆلی بازاڕەکان. جیگەی خۆیەتی سوپاسی تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و یەکە ئیدارییەکان و هەروەها وەزارەتی تەندروستی بکەم کە بە شیوەیەکی مەیدانی شەو و رۆژ لە خزمەتی هاوولاتیان بەردەوامن. سوپاس و پێزانینم ئاراستەی ئەو تیمە فریاگوزاریی و پزیشک وپەرستارانە دەکەم کە لە ریزی پێشەوەن و ژیانی خۆیان لەپێناو سەلامەتی ئێمەدا، دەخەنە مەترسییەوە .
ئاشکرایە هەرێمی کوردستان وەک هەموو ناوچەکانی تری دنیا ، رووبەڕووی هەڕەشەیەکی چاوەڕوان نەکراو بووەوە کە ئەویش پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێش زۆربەی وڵاتانی دنیادا بوو بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکانی خۆپارێزی و دەرکردنی رێنمایی تەندروستی. ئەوەبوو هەر زوو بودجەیەکی فریاگوزاریمان تەرخان کرد و هەنگاوی پێویستمان نا بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک: راگرتنی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان، کەمکردن و تەنانەت ڕاگرتنی دەوامی دامودەزگاکان و سنووردارکردنی هاتوچۆ لە دەروازە سنوورییەکان و نەهێشتنی گردبوونەوەی گشتی و ئەنجامدانی پشکنینی پلەکانی گەرمای لەش لە فرۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان. دوای دیراسەکردنی دۆخەکەش ، بڕیارماندا هاتووچۆی نێوخۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وهەروەها لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش رابگیرێت تەنیا بۆ حالەتی زۆر پێویست نەبێت . ئێستاش لە قۆناغێکداین کە پێویستە هاتووچۆی ناو خودی شار و شارۆچکەکانیش سنووردار بکرێت.
هاووڵاتییانی بەڕێز :
ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستن و سەلامەتی ئێوەی خۆشەویست . ئەو رێکارانەی دەگیرێنەبەریش هەمووی لە پێناو سەلامەتی ئێوەیە . بەتایبەتی قەدەخەکردنی هاتووچۆ لە پێناو ئەوەیە کەمترین پەیوەندی هەبێت و ئەو کەسانە بدۆزرێنەوە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن بۆ ئەوەی کەسانی تر تووش نەبن.
ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەر ئێوە ، ئێوەش بەرپرسیارن بەرامبەر بە خۆتان و کەسوکارو ناسیاو و هاووڵاتییانی تر . بۆیە ئەگەر هەموومان بە حکومەت و هاووڵاتییەوە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هاوکاری یەکتر بین و رێنماییەکان جێبەجێ بکەین ، دەتوانین رێگری لە بلاوبوونەوەی ئەو پەتایە بکەین و چەند زووتریش ئەوە بکەین، زووتر دەتوانین ژیان ئاسایی بکەینەوە.
ئەم پەتایە کە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە سەد وڵاتی دنیای گرتووەتەوە ، زیانی گیانیی هەبووە. تا ئێستا لە هەرێم ٢٨ هاوولاتی تووشبوو هەیە و یەک کەسیش گیانی لە دەستداوە . لێرەدا سەرەخۆشی لە کەسوکارەکەی دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ نەخۆشەکان دەخوازم.
بەداخەوە دەبێ بڵێین کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ئەم بارودۆخە لە رۆژانی داهاتوودا زیاتر بەدیار دەکەوێت. بەڵام سەرەڕای ئەمەش هەر یەکێک لە ئێمە دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەری لە رێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەدا هەبێت . بۆیە داواتان لێدەکەم پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەردەوام دەستەکانتان بشۆن و هاتووچۆ و تێکەڵاوبوونی نێوانتان زۆر سنووردار بکەن و هەتا بۆتان دەکرێت لە ماڵەوە بمێننەوە. هەرکاتێکیش هەستتان بە نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە کرد پەیوەندی بە هیڵی گەرمی ١٢٢ بکەن بۆ ئەوەی هاوکاری و رێنمایی پێویستتان پێشکەش بکەن.
هاووڵاتیانی بەڕێز:
هەڕەشەکانی ڤایرۆسەکە بۆ سەر ژیانی خەڵک و هەروەها لێکەوتەکانی بۆ سەر بارودۆخی ئابووریمان زۆر جیددی و سەختن. بەڵام ئێوە ئاگادارن کە لە رابردوودا هەڕەشەی زۆر مەترسیدارترمان رووبەرووبووەتەوە، بۆ نموونە بەدەیان جار رووبەڕووی ستەم و دیکتاتۆری و تیرۆر وەستاوین و سەرکەوتووش بووین. بۆیە دڵنیام ئەمجارەش بە هاوکاریکردنی یەکتر و لە بەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەکان، دەتوانین یەکگرتووانە ئەو دۆخە سەختەش تێپەڕێنین.
لێرەدا داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و خاوەن موڵکەکان دەکەم کە رەچاوی ئەم بارودۆخە و گوزەرانی دوکاندارە کرێچییەکان بکەن بۆ ئەوەی هەردوولا بەهاوبەشی تەحەمولی زیانەکان بکەن و ئەرکی کرێچییەکان سووک بکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی بۆ سەر ئابووری هەرێمی کوردستان . ئێمە هەموو هەوڵ و تواناکانی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ، بۆیە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانیش دەکەم، لەم ئەرکەدا هاوکار و پشتیوانمان بن.
لە رۆژانی داهاتووشدا دەزگاکانی حکومەت قۆناخ بە قۆناخ لە هەنگاوو رێکارەکانی پێویست بۆ رووبەڕووبەنەوەی ئەو دۆخە ئاگادارتان دەکەنەوە .
سوپاس بۆ پشتیوانیی و خۆڕاگریتان .
هیوادارین هەمووتان سەلامەت و پارێزراو بن و کوردستانیش بەهێزتر و ئاوەدانتر بێت.
بەستەرە پەیوەندیدارەکان
ڤایرۆسی كۆرۆنا