Skip to the content

بەیاننامەی ژمارە (١١) وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە جیهاندا و زۆربوونی ژمارەی تووشبووان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بەتایبەتی وڵاتی ئێران کە سنوورێکی بەرفراوانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و کاریگەری لەسەر زیادبوونی ژمارەی هەڵگرانی ئەم نەخۆشییە دەبێت. وەزارەتی تەندروستی بۆ گەڕان و پشکنینی گومانلێکراوانی هەڵگری ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی دامودەزگاکان و تیمەکانی تەندروستی ڕۆژانە بەم شێوەیە بەردەوامن:

1. ژمارەی هاووڵاتیان کە لە کەرەنتینەکان بوون (٢٩١٨) كەسن لە (٣١) شوێنی جیاواز کە لە ئێستادا تەنها (١١٢٨) هاوڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە و (١٧٩٠) هاوڵاتی دەرچوون و دوای تەواو بوونی ماوەی ١٤ رۆژ بۆ ناو خانەوادەکانیان گەڕانەوە.

2. لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، پشکنین بۆ (٥٦) گۆمانلێکراو لەوانە لە هەولێر (٣٧)، سلێمانی (١٨)، دهۆك (١) كراوە. لە نێویاندا (٣) نەخۆش دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پۆزەتیڤ دەرچوو و هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێن (COVID-19) . یەکێکیان ئافرەتێكی تەمەن (٥٢) ساڵی و خوشکی تووشبووەکەی دوێنێی شاری هەولێرە كە لە ئێران گەڕاوەتەوە و لە کەرەنتین دانرابوو، دوو تووشبووەکەی دیكە پیاون و یەکێکیان تەمەن ٥٣ ساڵییە و لە ئێران گەڕاوەتەوە و کەرەنتین کرابوو. ئەوەی دیکەیان ٥٢ ساڵییە و بەرکەوتووی تووشبووەکەی شاری سلێمانییە، کە گیانی سپارد.

3. کۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان (١٣) حالەتە لەنێویاندا (١) مردن هەیە و (١) نەخۆش بەتەواوەتی چاکبووەتەوە و هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان و باری تەندروستیان لە ئێستادا جێگیرە.

وەزارەتی تەندروستی دوپاتی دەکاتەوە پێویستە هاوڵاتیان پابەندی ڕێنماییەکانی تەندروستی بن، بەتایبەتی دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەڕەبالغ و کەمترین بەرکەوتن لەگەڵ کەسانی دیکە و زوو زوو و بەردەوام دەست شوشتنی تەندروست و لەگەڵ پەیوەندی کردن بە هێلی گەرمی ژمارە (١٢٢) لە کاتی پێویستدا.

 

وەزارەتی تەندروستی

حکومەتی هەرێمی کوردستان

٨ ئاداری٢٠٢٠