Skip to the content

بەیاننامەیەك لە وەزارەتی تەندروستییەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - لەمیانەی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 و کۆنترۆڵکردنی ئەو نەخۆشییە و بەردەوامی تیمەکانی گەڕان و پشکنینی گومانلێکراوانی هەڵگری ئەم ڤایرۆسە لەڕێگەی دامودەزگاکان و تیمەکانی تەندروستییەوە رۆژانە بەردەوامن لەگەڵ چاودێریکردنی ڕەوشی تەندروستیی ئەو هاوڵاتیانەی کە لە کەرەنتینەکانن کە ژمارەیان (٢٨٧٢) هاوڵاتی بوون لە (٣١) شوێنی جیاواز، لە ئێستادا (١٢٥٤) هاولاتی لە کەرەنتین دەرچوون و بۆ ناو خانەوادەکانیان گەڕانەوە.

دوای راگەیاندنی ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا باری تەندروستیان جێگێرە و لەژێر چاودێری پزیشکی دان و، لە بەردەوامی بەرنامەی دۆزینەوەی گۆمانلێکراوان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ئەمڕۆ پشکنین بۆ (٧٢) گۆمانلێکراو ئەنجامدرا کە لە نێویاندا (١) نەخۆش دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پۆزەتیڤ دەرچوو و هەڵگری فایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 یە، کە ئافرەتێکی تەمەنی (٤٩) ساڵی و دانشتووی شاری هەولێرە و لەکاتی ئێستادا لە ژێر چاودێریی پزیشکی دایە کە بەمەبەستی چارەسەری گەشتی وڵاتی ئێرانی کردبوو، بەمەش کۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان گەیشتە (١٠) حاڵەت کە لە نێویاندا (١) مردن هەیە.

وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاوڵاتیان دەكات پابەندی گشت ئەو ڕێنماییانە بن کە بۆ مەبەستی خۆپارێزی و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی فایرۆسەکە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوەخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیكە دیاریکراون. ھەروەھا بۆ دۆزینەوەی هەر گۆمانلێكراو و گەشتیارێك كە دوورن لە چاوی تیمەكانی تەندروستی هاوکاری تیمەكانمان بكەن و هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە كە لە سەر كاری پێویست بۆ ڕێكارەكانی خۆپارێزی و دۆزینەوەی گومانلێكراوان و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوە و بەدواداچوونی چارەسەرییەكانى نەخۆشەكان بەردەوام دەبین.

 

وەزارەتی تەندروستی

حکومەتی هەرێمی کوردستان

٧ ئازاری٢٠٢٠